تەشەنای کارەساتی مرۆیی لە شاری غەززە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان
شارەوانیی شاری غەززە وشداریی دا لەحاند تەشەنای کارەساتی مرۆیی لەو شارە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان.
شارەوانیی غەززە پێی داگرت: ئەو شارە لەبەر لەناوچوونی تۆرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بەرەوڕووی بارودۆخێکی مەترسیدارەو هەرچەشنە بارانبارینێک کێشەو گرفت ساز دەکا بۆ بەسەدان هەزار ئاوارە کە لە کەشێکی کراوەدا یان لەنێو خێوەتگەلی خراپ و ڕزیودا دەژین. ئەو ڕێکخراوە فەلەستینیە ڕاشیگەیاند؛ سەتا ٩٣ی خێوەتی ئاوارەکان لەناوچووەو لەچەند حەفتەی داهاتوودا بارودۆخی ئەو شارە شپرزەتر دەبێ چونکە ڕێگەنادرێ کەلوپەل و کەرەستەی پێویست بۆ چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ پێش هاتنی وەرزی زستان، بێتەناو ئەو شارە. بەپێی دوایین ئاماری ڕاگەیێندراو لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە، ژماری گشتیی شەهیدانی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە گەیشتووەتە ٦٩هەزار و ١٧٦ کەس. پاش ئاگربڕی ئەم دواییەش پتر لە ٢٤٠ کەس لە کەرتی غەززە شەهید بوون.
لەلایەکی دیکەوە، زانکۆی بەیرووت لە ڕاپۆرێکدا رایگەیاند؛ کەرتی غەززە باڵاترین ئاماری لە ئاستی جیهانیدا تۆمارکردووە لەمەڕ بڕانی ئەندامی جەستەی منداڵان لەئاکامی دەسدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی.
لەو ڕاپۆرەدا جەخت کراوە، زیاتر لە ١٧٠هەزار بریندار لە کەرتی غەززە هەتا سیپتەمبەری ٢٠٢٥ تۆمارکراوە کە چوار یەکیان پێویستیان بە چارەسەریی درێژخایەن هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە کە سیستەمی پزیشکی و تەندروستی لە کەرتی غەززە لەبەر دوو ساڵ پەلامار و دەسدرێژکاریی بەردەوامی رژێمی زایۆنی بەتەواوەتی وێران بووە.
بەپێی ئاماری راگەیێندراوی ئەو ڕاپۆرە، کەرتی غەززە بەرەوڕووی کەمیی بەرچاوی هێزی پزیشکی و کەرەستەو دەواو دەرمانە کە هەر ئەوەش بووەتە هۆ هەتا چارەسەریی کەسانی بریندار و زیانبەرکەوتوو، ئەستەم و دژوار بێ.