قەیرانی بەدخۆراکی لە غەززە
ناوەندی دۆزینەوەی هەلی کار و فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینیەکان (ئۆنڕوا) ڕایگەیاند کە پێنج سەت و هەشت حاڵەتی بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە تۆمار کراوە.
ناوەندی دۆزینەوەی هەلی کار و فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینیەکان (ئۆنڕوا) رایگەیاند؛ بەپێچەوانەی ئاگربەسی دوو مانگە لە غەززە، رژێمی زایۆنیستی هەروا ڕێگەنادا خۆراک، دەواودەرمان و یارمەتییە مرۆییە پێویستەکانی ئەو ناوچە بەپێی ڕێککەوتن بگاتە دەست خەڵک و ئەوەش، قەیرانی مرۆیی تاوپێداوە. "کازم ئەبووخەلەف" وتەبێژی یونیسێفیش وتوویەتی: ژمارێکی زۆر لە منداڵان لەبەر بەدخۆراکیی ئازار دەکێشن و بەهاتنی وەرزی زستان، دۆخەکە خرابتریش دەبێ. باری تەندروستی و دەروونیی منداڵانی غەززەش، بەهۆی شوێنهاتی هەمیشەیی شەڕ، زیان دەبینێ. لەو کاتەوە کە ئاگربەس کراوە تاکوو ئێستا نزیک بە حەفتا منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەست داوە کە پێویستە خێرا پێش بەو ڕووداوە تاڵ و دڵتەزێنە بگیردرێ. "ئەگنس کالامار" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانیش وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە دۆخی غەززە، ڕایگەیاند، "ژینۆساید" لەو ناوچەدا هەروا بەردەوامە. ئەگنس کالامار پێی داگرت: کۆمەڵگای جیهانی دوور کەوتووەتەوە لە بەرپرسیارکردنی رژێمی زایۆنیستی و چی دی لەسەر دۆخی غەززە چڕنابێتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەقسەی ناوبراو، ڕێژەی بەدخۆراکی لەنێو منداڵانی کەرتی غەززە هەروا لەئاستێکی باڵا دایەو بارودۆخی مرۆیی شپرزە ڕادەگەیێندرێ. حازم قاسم وتەبێژی حەماسیش لەبارەی ئامانجی فریودەرانەی رژێمی زایۆنیستی لە کردنەوەی یەکلایەنەی تێپەڕگەی رەفەح بۆ چوونەدەری خەڵکی غەززە وتی: رژێمی زایۆنی لەڕێی ڕاگەیاندنی کردنەوەی یەکلایەنەی دەروازەی رەفەح، مکوڕە لەسەر پرسی ئاوارە و پەرتەوازە کردنی فەلەستینیەکان. ئەو لێدوانانە لەکاتێکدا دێنەئاراوە کە نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززەو چارەنووسی ئاوارە فەلەستینیەکان پاش لێدوانی بەرپرسانی زایۆنیستی لەبارەی کرانەوەی تێپەڕگەی رەفەح روو لەزیاد بوونە.