یەک لە ڕێبەرانی حەماس: خۆڕاگریی بڕیاری نیشتمانیی فەلەستینە/ حەماس مافی وەڵامدانەوە بە پێشێلکارییەکان بە پارێزراو دەزانێ
یەکێ لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس وێڕای پێداگریی لەسەر ڕیشەداربوونی خۆڕاگریی فەلەستین، ڕایگەیاند کە خۆڕاگریی، بڕیارێکی جەماوەری و نیشتمانییەو حەماس لەهەمبەر پێشێلکرانی بەردەوامی ئاگربڕ لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێ.
"ئوسامە حەمدان" لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس لە دیمانەیەکدا وتی: حەماس درێژەی مێژووی بەردەوامی خەباتی گەلی فەلەستینەو لەچوار دەیەی ڕابردوودا، ڕێبازی خۆڕاگریی لە هەمبەر داگیرکەریی پاراستووە. وتیشی: ئەو بزووتنەوە لە کاتی دامەزرانییەوە، سەنگ و قورسایی گرینگی بووە لەبارەی پرسی فەلەستین و هەردەم بە شێوازێکی نیشتمانی، جوڵاوەتەوە. ئەو بەرپرسەی حەماس وێڕای ئاماژە بە پێشێلی بەردەوامی ئاگربەس لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە، ڕایگەیاند کە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاگربڕ، زیاتر لە ٤٠٠ فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە ئاکامی پەلاماری زایۆنییەکان، شەهید بوون. بەپێی هەواڵێکی دیکە لە فەلەستین؛ سەنەدو بەڵگەو شەهیدبوونە تازەکان پێشان دەدا، دەسدرێژیی جینسی، ئەشکەنجەو ڕەفتاری خراپ لەگەڵ دیلە فەلەستینیەکان لە زیندانەکانی رژێمی زایۆنی بووە بە شێوازێکی ڕێکخراو و دەم و دەزگە ئاسایشی و دادەوانییەکانی ئەو رژێمە، پشتگریی لە بکرانی ئەو تاوانکارییانە دەکەن. سەرەڕای تاوان و دڕندەکاریی زایۆنییەکان لە کەرتی غەززە، ژیان لەو ناوچەیە هەروا بەوپەڕی تواناوە بەردەوامەو پەنجاو چوارهاوژینی فەلەستینی لە ئاهەنگێکی بەکۆمەڵدا ڕێوڕەسمی زەواج و هاوسەرگیرییان بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە خەڵکی شارۆچکەی حەمەد لە شاری خان یونس لە ناوەندی کەرتی غەززە بەڕێوە برد. شارۆچکەی حەمەد لە ناوەندی کەرتی غەززە پاش دوو ساڵ شەڕ و گەمارۆدران، لە رۆژانی رابردوودا ڕەنگێکی دیکەی بەخۆوە گرتووەو لەنێو ئەو کاولکارییانەی هەموو شوێنێکی ئەو شارۆچکەی داگرتووە، دەنگێک ئاوێتەی شادمانی و خۆشحاڵی بەرگوێ دەکەوێ.