پێشێلکرانی بەربڵاوی ئاگربەس لە غەززە، هێرشی ئاسمانی، دەریایی و زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس
هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی زایۆنی بە پێشێلکردنی ئاگربەس لە وشکانی، ئاسمانی و دەریادا، هێرشیان کردە سەر خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کە بە هۆی ئەو پەلامارانەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی فەلەستینی شەهید بوون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی زایۆنی بە پێشێلکردنی ئاگربەس، جارێکی دیکە هێرشی ئاسمانی، دەریایی و زەمینییان چڕکردەوە سەر شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارەیان کردە دایە بەرپەلامار. . سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە بازنەی پەلامارەکانی هێزە زایۆنییەکان تا ناوچەکانی ناسراو بە "هێڵی زەرد" بە تایبەت ناوچەی بەنی سوهەیلا لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس بڵاو بووەتەوە. ئەمانە ئەو ناوچانەن کە بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەس بڕیار بوو هێزی داگیرکەر لێیان بکشێتەوە. تەلەفزیۆنی ئەقسا هەروەها هەواڵی پەلاماری تۆپخانەیی کەشتییە جەنگییەکانی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی خان یونس بڵاوکردەوە، پەلامارێک کە لە ئەنجامدا شەهیدبوونی سێ فەلەستینی لێکەوتەوە لەوان ژنێک. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای داگیرکەری زایۆنی پەلاماری ئاسمانی کردۆتە سەر شاری دەیرولبەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە و گەڕەکی ئەلشوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە. ئەم بۆردومانانە بوونە هۆی هەستانەوەی دوکەڵێکی خەست لە ناوچە بۆردومانکراوەکاندا. هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پێشێلکرانی ئاگربەس لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە بووەتە هۆی شەهید بوونی ٣٩٥ فەلەستینی و بریندار بوونی ١٠٨٨ کەسی دیکە. لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا ٧٠ هەزار و ٦٦٩ فەلەستینی لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بوون و ژماری بریندارانیش هەڵکشاوە بۆ ١٧١ هەزار و ١٦٥ کەس.