یونیسێف: ٩٨%ی خوێندنگەکانی کەرتی غەززە وێرانن
کانونی دوھەم 06, 2026 20:39 Asia/Tehran
وتەبێژی یونیسێف لە فەلەستین ڕایگەیاند: لەسەدا ٩٨ی خوێندنگەکانی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون.
کازم ئەبو خەلەف ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی شەڕەوە ٦٣٨ هەزار منداڵی غەززە لە خوێندن بێبەش بوون. قورسترین کێشەی پەروەردە لە دوای دەستپێکرانی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، نەهاتنی کەرەستەی خوێندن و فێرکاری بۆ ئەم کەرتەیە. وتەبێژی یونیسێف پێیداگرت: نزیکەی هەزار ستافی فێرکاری و ٢٠ هەزار خوێندکاری خوێندنگە و زانکۆ لەم شەڕەدا شەهید بوون.ئەوە لەکاتێکدایە کە کەناڵی "کان"ی ڕژێمی زایۆنی بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە ڕژێمی زایۆنی دەستیکردووە بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی ٣٧ ڕێکخراوی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە و بانگەشەی ئەوە کردووە کە ئەم ناوەندو ڕێکخراوانە پابەند نەبوون بە مەرجەکانی یاسا نوێیەکانی تۆمارکردن.