شپرزەبوونی بەتەواوەتی باری تەندروستی و مرۆیی لە کەرتی غەززە
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە وتی: ئێمە لەگەڵ کارەساتێکی تەندروستیدا بەرەوڕووین و لە غەززە، "ژینۆسایدی بێ دەنگ" خەریکە ئەنجام دەگرێ.
ناتەندروستبوونی دۆخی خۆراک لە کەرتی غەززە گیانی زیاتر لە دوو ملوێن و٤٠٠ هەزار کەس دەخاتەمەترسی و نیگەرانی لەبارەی بەدخۆراکیی لەڕادەبەدەر بەتایبەت لەنێو منداڵاندا، ڕوو لە زیادبوونە. ئاماری فەرمی جەخت لەوە دەکا کە پتر لە ٦٥ هەزار زارۆک لە کەرتی غەززە لەبەر بەدخۆراکیی زۆر، رەنج دەکێشن. "مونیر ئەلبەرش" بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە وتی: کێشەی سەرەکیی ئەوەیە کە یەک ملوێن و ٣٠٠هەزار کەس لە بارودۆخی دژوار و ئەستەمدا لە کەرتی غەززە ژیان دەکەن. لە دەسپێکی مانگی ژانڤییەوە تاکوو ئێستا ٩ حاڵەتی پەتای کەوتوویی ناسێندراوە کە هۆکەی لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی و بەدخۆراکییە. مونیر ئەلبەرش پێی داگرت، مردن و گیان لەدەسدان لە غەززە ئیدی تەنیا بە بۆردومان بەرتەسک نابێتەوە بەڵکوو برسێتی، سەرما، نەبوونی شوێنی حەوانەوەو نیشتەجێبوون و نەبوونی دەواو دەرمانیش بوونەتە هۆکاری مردن و گیان لەدەستدان. وتیشی؛ پیسبوونی ئاو، لەگەڵ بەدخۆراکی و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی، بووەتەهۆی تەشەنای نەخۆشی و پەتاو ڤایرۆسی جۆراوجۆر. ئەلبەرش لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوەی وا لە غەززە روو دەدا، ناکرێ وەک کارەساتێکی ئاسایی بزانرێ، بەڵکوو کارەساتێکی مرۆییە کە بەهۆی داگیرکەری، گەمارۆ، شەڕ و بێ دەنگەکردنی جیهانییەوە سەری هەڵداوە. بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی منداڵانی نەخۆشخانەی ناسریش وتوویەتی؛ لەبارچوونی کۆرپەلە لەبەر بەدخۆراکی لەنێو ژنانی دووگیان دوو هێندە زیادی کردووەو بووەتەهۆی هەڵکشانی ڕێژەی گیان لەدەستدانی زارۆکان. ڕێکخراوی فریاکەوتن و ڕزگارکردنی غەززەش لەبارەی کارەساتی مرۆیی کەم وێنە لەو ناوچانە وشداریی داوە.