کانونی دوھەم 14, 2016 16:31 Asia/Tehran
  • چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی ئەندۆنێزیا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران

ئەمڕۆکە وڵاتانێکی زۆر لە ناوچە بە دەستی تیرۆریزم و توندئاژۆییەوە ده ناڵێنن و لە وەها بارودۆخێک دا ئەرکی تەواوی رێکخراوو وڵاتە ئیسلامییەکان ئەوەیە کە لە هیچ هەوڵێک بۆ یەکێتی و سەقامی زیاتری جیهانی ئیسلام سڵ نەکەنەوە.

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئێوارەی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنی بە خاتوو "رێتنۆ مێرسودی" وەزیری دەرەوەی ئەندۆنێزیا کە سەردانی تارانی کردوە بە پێداگری لەسەر ئەو پرسە وتی: هەلومەرجی جیهانی ئیسلام و ناوچەکە ە چەشنێکە کە وڵاتانی ئیسلامی دەبێ زیاتر لە جاران راوێژ بە یەکدیوە بکەن و بیر و ڕای یەکتری وەرگرن.

روحانی وتیشی: نابێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، چاوەڕوانی وڵاتانی دیکە بین چونکە وڵاتانی ئیسلامی بۆ پاک کردنەوەی ناوچەکە لە بوونی تیرۆریستان هێز و برستی پێویستیان هەیە.

کێشەی سەرەکی جیهانی ئیسلام هەنوکە پەرەی توندئاژۆیی و توندوتیژی و تیرۆریزمی رێک خراوە.

پشتیوانی هەندێک لە وڵاتانی ناوچە لە وان عەرەبستان لە گروپە تیرۆریستییەکان کە لە ڕاستی خزمەتکردنە بە ئیسرائیل بۆ ئەمریکا لەو ناوچەیە، بۆتە هۆی ناکۆکی و مش و مڕی ئەتنی و ئایینی و شێواندنی سەقام و هێوری و هێمنی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام.

ئەو پرسە ڕەگئاژۆکەی دەگەڕێتەوە بۆمێژوی کۆنۆلیالیزم کە بۆ چەند سەدە گۆڕانکارییەکانی ناوچەی لە دەست دابوە.

بەڵام ئێستا زۆربەی پەیوەندییە سیاسی و هاوکێشەکانی سەردەمی کۆنۆلیالیزم گۆڕانی بەسەر داهاتوە.

لەو سەردەمە تازەیە دا، پێویستە جیهانی ئیسلام بە بیروڕا کۆنەکانی خۆی دا بێتەوە و روانگەیەکی نوێی هەبێ بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو.

وڵاتانێکی وەکو ئەندۆنێزیا کە ئەزمونی دامەزراندنی رێکخراوێکی وەک بزوتنەوەی بێ لایەنەکانیان هەیە دەتوانن لەم بوارە دا پێشەنگ بن.

روانگەکانی رێتنۆ مێرسودی وەزیری دەرەوەی ئەندۆنێزیا سەبارەت بە سەقام و ئاسایشی ناوچەکە کە لەو باوەڕە دایە پەیوەندی باش و دۆستانەی وڵاتانی موسڵمان دەتوانێ یارمەتیدەر بە بە سەقام و ئاسایشی ناوچەکە، پێشاندەری تێگەیشتنی هاوبەشی ئێران و ئەندۆنێزیا لەم بارەوەیە.

ناوبراو وتیشی: موسڵمانەکان دەبێ لە پێناو بایەخە ئیسلامییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە سەرەکییەکانی جیهانی ئیسلام، لەوان تیرۆریزم و توندئاژۆیی یەک بگرن.

تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە جاکارتا کە پاش چەند ساڵان هێوری و سەقامی ئەندۆنێزیای شێواند و خەڵکی ئەو وڵاتەی ڕاچڵەکەند و گیانی ژمارێک خەڵکی ئەو وڵاتەی کردە قوربانی، گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم چەند ئەوەندە دەکا.

راستییەکەی ئەوەیە کە وڵاتە ئیسلامییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورەیە و گەیشتن بە گەشە و پێشکەوتن، رڵگایەکیان نییە بێجگە لە هاوکاری بەربڵاو و پەیوەندی چڕوپڕ، بەڵام جیهانی ئیسلام لەم بوارە دا بەرەوڕووی بەربەستی گەورە بۆتەوە.

یەکێک لەو بەربەستانە نەبوونی ویستیێکی شێلگیر بۆ یەکێتی لە لایەن چەند وڵاتای ئیسلامییە کە سەرباری ئەوەی کە خاوەنی سامانێکی دەوڵەمەندن بوونی خۆیان لە هەڵواسین بە وڵاتە زلهێزە غەوارەکان دەبیننەوە.

ئەو تاقمە وڵاتە بەربەستیش دەنێننەوە لە سەر رێگای هاوکاری راستەقینەی وڵاتە ئیسلامییەکان بۆ یەکێتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.

ئەو شتەی کە سەرۆک کۆماری ئیران لە چاوپێکەوتنی بە وەزیری دەرەوەی ئەندۆنێزیا دا وتی، وەبیر هێنانەوەی ئەو خاڵەیە کە ئێران بەردەوام خوازیاری پەیوەندییەکی باش و برایانە بووە لە نێوان وڵاتانی ناوچە و دراوسێ دا و ئامادەیی هەیە تا لە پێناو یەکێتی وئاسایشی پاوەجێ و گەشەی ناوچەکە دا یارمەتی وڵاتانی دیکە بدا.

پێشنیاری ئێران بە کۆگەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ جیهانێکی بە بێ توندوتیژی کە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی کۆگە دا پەسند کرا پێشاندەری روانگەی ئێرانە لە بابەت سەقام و ئاسایش لە ئاستی جیهانی دا،بەڵام وەدی هاتنی ئەو ئامانجە پێویستی بە هاوکاری بە کۆمەڵ بە تایبەتی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی هەیە.

بەو جۆرەی کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کرد تەواو رێکخراوەکان و وڵاتە ئیسلامییەکان دەبێ لەو بوارە دا پێشەنگ بن و لە هیچ هەوڵێک بۆ یەکێتی زیاتر و سەقامی زیاتری جیهانی ئیسلام سڵ نەکەنەوە.