کانونی دوھەم 06, 2023 22:33 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران: هەر دەنگێک کە دەھۆڵی دووبەرەکی بژەنێت لە لایەن شەیتانەوەیە

«مامۆستا عەبدوسەلام کەریمی» ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ کاروباری کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان وتی: هەر دەنگێک ھانی یەکگرتن بدات، ڕەحمانی و، هەر دەنگێکیش کە دەھۆڵی دووبەرەکی و دابەشبوون بژەنێت شەیتانییە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیرنا، «مامۆستا عەبدوسەلام کەریمی» شەوی ھەینی لە ڕێوڕەسمی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (ع) لە شاری ورمێی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وتیشی: هەموومان بیر لە جێ و شوێن و وەجمەندیی وڵات دەکەینەوە و لە بەرامبەر دابڕان و جیایی خوازی وەستاوین.

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ئاماژەدان بەوەی کە نەتەوە و ئایینەکان مافێکی یەکسانیان هەیە، ڕاشیگەیاند: مەسیحی و زەردەشتیی ئازیز بە ئاشتیانە لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانەکانیان دەژین و هیچ ناڕەزایەتییەکیان نییە لە بابەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا.

Image Caption

«مامۆستا عەبدوسەلام کەریمی» وتیشی: وڵات و حکومەت و نیزامی ئیسلامی هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئایین و نەتەوەکاندا دانانێت چونکە جەوهەری ئایینەکان و جەوهەری مەسیحییەت و جولەکە و ئایینەکانی تر هەموویان وەک یەکن، لەبەر ئەوەی کە پێغەمبەران یەکێکن و قورئان دەفەرموێت: ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێغەمبەرەکاندا ناکەین ،چونکە هەموویان لە لایەن خودا و بۆ ڕاپەڕاندنی یەک ئەرک ھاتوون.

Image Caption

ئۆسقۆفی گەورەی کلیسای ئاشووری - کلدانیی ئێرانیش لەم ڕێوڕەسمەدا وتی: ئێران ژینگەیەکی ھێمن و سەلامەتە بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەکان.

ئۆسقۆفی گەورە «تۆماس میرم»، وتیشی: ئێران سەزەوینێکە کە بە درێژایی مێژوو خۆشەویستی و سۆزداریی  نێوان نەتەوە جیاوازەکانی بە ڕەوا زانیوە.

ئۆسقۆفی گەورەی کلیسای ئاشووری - کلدانیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە، پەیوەندیی نزیک و سۆزدارانەی نێوان بەرپرسانی نیزام و خەڵک بەهەموو نەتەوە و ڕەگەزێکەوە دەربڕی بوونی دیموکراسییە لەم وڵاتەدا.

بەڕێزی وێڕای ستایشی ئامادەبوونی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەنێو کۆڕەکەیاندا،  جەختی لەوەش کردەوە کە: ئامادەبوونی ئێوە و بەرپرسانی دیکەی حکومەت لە نێو ئێمەداو لەم ڕۆژەدا هۆکاری دڵگەرمی هاندانمانە.

Image Caption

ئۆسقۆفی گەورەی کلیسای ئاشووری - کلدانیی ئێران «تۆماس میرم» بە ئاماژە بەوەی کە لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح (ع) لەدایکبوونی خۆشەویستی و ئارامی و ئاشتی لێبوردنە، وتیشی: ئاشتی، خۆشەویستی، ئاسوودەیی و پارێزران لە ھەڕەشەو ومەترسیی دوژمنان بۆ ھەر ئێرانییەک بە ئاوات دەخوازین و لە خودای تاقانە تەندروستی و پەیوەندی و یەکگرتوویی نێوان ئایینەکان ، نەتەوەکان و بیرو باوەڕە جۆربەجۆرەکانی وڵاتی ئازیزمان ئێران داوا دەکەین.

Image Caption

«تۆماس میرم» وتیشی: سەرکەوتن بۆ وڵاتی ئازیزمان ئێران لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان و تەمەن درێژییەکی سەربەرزانە بۆ ڕابەری مەزنی شۆڕش و بەرپرسانی نیزام و حکومەت لە خودای مەزن بە ئاوات دەخوازم.

«شارلی ئێنۆی تەکیە» نوێنەری کریستیانە ئاشوورییەکان و کلدانییەکانی ئێرانیش، لەم ڕێوڕەسمەدا وتی: ئێمە یەکەم نەتەوەین کە سێ هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر ھاتینە نێو ئێرانەوەو دەتوانم بڵێم کە ئێمە نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانی ئاشوورین، و هەمیشەو لە هەموو بوارەکاندا پابەندی حکومەتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی بووینەو ھەشین.

جێگای ئاماژەیە شەوی پێنج شەممە لە سەر ھەینی ئاهەنگ و ڕێ و ڕەسمێک بە بۆنەی ساڵگەڕی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن حەزرەتی عیسای مەسیح (ع) لە شاری ورمێی باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی پارێزگاکە بەڕێوەچوو.

 

سەرپەیڤ