ھێرشی دڕندانەی زایونییەکان بۆ سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا
مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی هێزەکانی داگیرکەر بۆ سەر مزگەوتی «قەبەلی» چەند کەسێک برینداربوون.
هێزە داگیرکەرەکان هێرشیان کردە سەر مزگەوتی «قەبەلی» لە دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا و بە توندی لە خەڵکی ئامادەبووی ئەم مزگەوتەیان دا و مانگی سووری فەلەستینیش وای بڵاوکردووەتەوە کە لە هێرشی هێزەکانی داگیرکەر بۆ سەر مزگەوتی «قەبەلی» چەند کەسێک بریندار بوونە. پۆلیسی ڕژێمی زایونی هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەیان کەس کە لە ناو مزگەوتەکەدا بوون دەستگیرکراون و لە مزگەوتەکە دەرکراون.
وڵاتان و بەشێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەکە، هێرشی سەربازانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر نوێژخوێنان و زیارەتکارانی فەلەستینی لە مزگەوتی ئەقسایان شەرمەزار کرد و ئەم کارەیان بە پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ زانی.
«ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر تاوانی ڕژێمی زایۆنی لە مزگەوتی ئەقسای شەرمەزار کرد و نووسی: هێرشی دڕندانەی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر زیارەتکارو نوێژخوێنانی فەلەستینی لە مزگەوتی ئەقسا، جارێکی دیکە تاوانی دژەمرۆڤانەی ئەم ڕژیمەو پێشێلکردنی مافی مرۆڤی خستە بەرچاوی خەڵکانی جیهان.
مەکتەبی سیاسیی ئەنساروڵڵای یەمەن؛ وەزارەتی دەرەوەی ئۆردۆن، وەزارەتی دەرەوەی میسر، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا، «ئەحمەد ئەبولغەیت» ئەمینداری گشتییی کۆمکاری عەرەبی ، «سەیید عەمار حەکیم» ڕابەری بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق، سەبارەت بە هێرشی سەربازانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر نوێژخوێنان و زیارەتکارو موعتەکیفە فەلەستینییەکانی مزگەوتی ئەقسا کاردانەوەیان نیشان دا و ئەم هێرشە دڕندانەیەیان شەرمەزار کرد.
«نەبیل ئەبوڕدێنە» وتەبێژی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین هەروەها وێڕای هۆشداری دان بە ڕژێمی زایۆنی لەمەڕ ئەمەی کە لە شوێنە پیرۆزەکاندا هێڵی سوور نەبەزێنێت، وتیشی: هێرش بۆ سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا شەڕێکی کوێرانەیە لە دژی نەتەوەی فەلەستین.
لە لایەکی دیکەوە، «ئیسماعیل هەنیە» بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس)یش لە وتارێکدا ڕایگەیاند:ڕووداو و پێشھاتەکانی ئێستای مزگەوتی ئەقسا تاوانێکی بێ وێنەیە و هەمووی لایەنە فەلەستینی و عەرەبی و لایەنە ئیسلامییەکان دەبێت بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.