کانونی دوھەم 01, 2026 18:01 Asia/Tehran

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق پێیداگرت کە هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنترۆڵی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عەینولئەسەد دەگرنە دەست.

حسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: دوای ئەوەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤، بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی هاوبەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ دەستیپێکرد و فەرمانبەرێتییەکان کۆتاییان هات. حسێن عەلاوی ڕوونیشیکردەوە: دوای کۆتاییهاتنی فەرمانبەرێتییەکان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە بارەگای ئەو هێزانەیان لە بنکەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ڕادەست دەکرێ. ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: ئەم کارە لە چوارچێوەی کۆتایی هاتنی فەرمانبەرێتییەکان و بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی دوولایەنە جێبەجی دەکرێ و هەوڵ دەدرێ  تەبایینامەگەلێک سەبارەت بە هاوکاریی هاوبەش لە بواری ئەمنیدا بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ڕێگەی بەهێزکردن و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ئەنجامدانی مەشقی هاوبەش، واژۆ بکرێ.حسێن عەللاوی ڕاشیگەیاند: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی دێنێ بە قۆناغێکی گەورەی پرۆسەی شەڕی دژ بە گروپە تیرۆریستیی داعش، کە بۆ ماوەی یازدە ساڵ بە هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بوو بۆ ڕزگارکردنی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق لە چنگی تیرۆر و لەئاکامیشدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ شکستی پێهێندرا. 

سەرپەیڤ