تشرینی یه‌که‌م 12, 2017 12:54 Asia/Tehran
  • ناوەندی نێودەوڵەتی خوازیاری ئازاد کرانی منداڵان لە بەندیخانەکانی بەحرەین بوو

ناوەندی نێودەوڵەتیی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان داوای لە ڕژێمی بەحرەین کرد منداڵان لە بەندیخانەکانی ئەم وڵاتە ئازاد بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ماڵپەڕی ئەلعەهدی لوبنان؛ دوابەدوای گیرانی سێ منداڵی دیکەی بەحرەینی بە هۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و زاڵ کردنی کەشی پڕ ترس و تۆقان بە سەر بنەماڵەی ئەم منداڵانە، ناوەندی نیودەوڵەتیی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان کە ئەندامی هاوپەیمانیی دیوانی کەتنی نێودەوڵەتییە،  دیسان داوای لە مەنامە کرد بە میهرەبانی و نەرم  ونیانیەوە لەگەڵ ئەو منداڵانە بجوڵێتەوە.

«جاسم عبد الجلیل حسن»، «علی حسین عبد الله» و «حسین علی»، سێ منداڵی بەحرەینین کە ئەمدواییە گیراون و لە بەند کراون.

ناوەندی نیودەوڵەتیی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان  لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردووە: یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان بە گشتی ، ئەو ئەرکە دەخەنە ئەستۆی کاربەدەستانی هەر وڵاتێک کە هەڵس و  کەوتی زاڵمانەیان لە گەڵ منداڵان نەبێ؛ درووست بە پێچەوانەی مێدیاکانی بەحرەین و بەرپرسانی ئەمنیی کە ئەمدواییە بۆ پاسادانەوەی گرتنی ئەو منداڵانە، یەکسەر وشە و دەستەواژەی جەنگی دژ بە منداڵانی لەبەند کراو بە کار دێنن، وەک بڵێی ئەوانە تیرۆریستن.

بە پێی ئەم بەیاننامەیە ، یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ئەو ئەرکەیان خستۆتە ئەستۆی کاربەدەستانی وڵاتانەوە کە لە هەڵس و کەوتیان لەگەل منداڵان تەگبیری تایبەت بگرنە بەر و گرتنی منداڵ دوایین قۆناغ لەو تەگبیرەیە کە ئەوەش دەبێ لە شوێنی تایبەت جێبەجێ بکرێ.

ناوەندی نیودەوڵەتیی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان هەروەها داوای لە پاشای بەحرەین کرد بە دەرکردنی فەرمانێک، لە شەش منداڵی لەبەند کراو بۆ نەفەوتانی داهاتووی خوێندن و خوێندەوارییان، خۆش بێت و ئازادیان بکات.

بەحرەین لە فێڤرییەی ساڵی ٢٠١١ـەوە بۆتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانەی جەماوەری دژ بە ڕژێمی  ئالی خەلیفە. بەحرەینییەکان خوازیاری ئازادی، دامەزرانی دادوەری و هەڵگیرانی هەڵاواردن و هەروەها دەسەڵات گرتنە دەستی حکومەتێکی هەڵبژاێردراو لە وڵاتەکەیاندان، بەڵام ڕژێمی ئالی خەلیفە یەکسەر ئەو خەڵکە ئازادیخوازە سەرکوت دەکات.

سەرپەیڤ