دادگەییکرانی چوار بەندکراوی سیاسیی بەحرەین لە دادگەی سەربازی
سەرچاوە بەحرەینییەکان ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە چوار زیندانیی سیاسی لە دادگەی سەربازیی بەحرەین بۆ یەکەمجار دادگەیی کران.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، سەرچاوە بەحرەینییەکان ، سەیید فازڵ سەیید عەبباس، سەیید عەلەوی سەیید حوسێن ئەلموسەوی، محەممەد مەتغەوی و محەممەد شەهابیان وەک ناوی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە ناوبرد.
لە نزیک شەش مانگ لەمەوبەرەوە، دوابەدوای ڕەزامەندیی دەربڕینی حەمەد بن عیسا ئالی خەلیفە شای بەحرەین لەگەڵ دادگەیی کرانی کەسانی مەدەنی لە دادگە سەربازییەکان، ئەوە یەکەمجارە کە بەرپرسانی بەحرەینی تاوانبارانی سیڤیل بۆ دادگەیی دەنێرنە دادگەی سەربازی.
لەهەمان کاتدا، مەیسەم سەلمان چالاکوانی بواری مافەوانیی بەحرەینی لەزنجیرە پەیامێک لەژێرناوی"زیندانیانی بەحرەین ڕزگار بکەن"، خوازیاری پێوشوێن گرتنی پرسی لەبەرچاونەگیرانی مافی زینداناین لە بەحرەین بوو و رژیمی دەسەڵاتداری بەحرەینی بە دەوربینین لە تاوانکارییەکانی دژ بەجەماوەری ئەو وڵاتە، تاوانبار کرد.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، دوابەدوای چوونەسەری ئاستی نیگەرانییەکان لەمەڕ ڕەوشی زیندانیانی سیاسی بەحرەین و پاش بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی چەند ڕۆژی ڕابردووی کۆمەڵەی بەحرەینیی ئەلویفاق لەوبارەوە، چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەحرەینییەکان، کەمپەینێکیان بۆ داکۆکیی لە بەندکراوان پێکهێناوە کە لەگەڵ پێشوازیی جەماوەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەوکەوتووەتە سەرووی هەشتەگەکانی توئیتەری بەحرەین.
بەحرەین وەک بچووکترین وڵاتی ڕۆژاوای ئاسیا لە١٤ی فێڤرییەی٢٠١١وە شایەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانەی جەماوەرە بۆ دەسخستنی ئازادی و دادگەریی و هاتنەسەردەوری حکومەتێکی هەڵبژاردە.