میری قەتەر: ئێران، تەنیا ڕێگای ئامادەکردنی خۆراک و دەواو دەرمان لە سەردەمی بایکۆتە
میری قەتەر بەئاماژە بەوەی کە، ئێران تەنیا ڕێگایە بۆ ئامادەکرانی خۆراک و دەرمان بۆ خەڵکی گەمارۆدراوی قەتەر، ڕایگەیاند، عەرەبستان و سێ وڵاتی عەرەبی دیکە بۆ گۆڕینی حکومەتی دۆحە تێدەکۆشن.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی، میری قەتەر، لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەمریکیی سی بی ئێس لە وەڵامدانەوە بەوەی کە عەرەبستان و سێ وڵاتی عەرەبی دیکە، دۆحە بە دۆستایەتی لەڕادەبەدەر لەگەڵ تاران تاوانبار دەکەن، وتی: ئێران، دراوسێی قەتەرەو دۆحە زیاتر لە عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی، پەیوەندیی سیاسی بەرفراوانی لەگەڵ ئێراندا هەیە.
میری قەتەر هەروەها بەبیرخستنەوەی ڕووداوەکانی بیست و یەک ساڵ لەمەوبەر و هەوڵدان بۆ لەسەر دەسەڵات لادانی باوکی واتە حەمەد بن خەلیفە ئالی سانی وتی: مێژوو پێشانی دا، عەرەبستان بەرلەوەش بۆ گۆڕینی حکومەتی قەتەر هەوڵی داوە.
میری قەتەر هەروەها وتی: ئەمریکا داوای لە دۆحە کردبوو، میوانداری تالیبان لە قەتەر بین و ڕێگە بەو گرووپە بدەین لە دۆحە، نووسینگە دابمەزرێنێ هەتا ئەمریکا بتوانێ لەگەڵ تالیبان وتووێژ بکات.
شێخ تەمیم ئالی سانی، وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ و چارەسەریی قەیرانی نێوان دۆحەو چوار وڵاتی عەرەبی گەمارۆدەر، وتی: قەتەر خوازیاری کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکانە بەڵام هیچ شتێک باڵاتر لە مەزنایەتی و سەروەریی قەتەر نییە.
عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین و میسر لە پێنجی ژۆئەنی٢٠١٧وە لەبەر هاوڕەوت نەبوونی دۆحە لەگەڵ سیاسەتی ڕیاز، پەیوەندیی دیپلۆماتیکی خۆیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند وجگە لە بایکۆت کردنی، سنوورە زەوینی، دەریایی و ئاسمانییەکانیان لەڕووی ئەو وڵاتە داخست.