بی بی سی: حەریری خاڵە تەماوییەکانی ئامادەبوونی لە عەرەبستانی چارەسەر نەکرد
کەناڵی بی بی سی عەرەبی ڕایگەیاند: دیمانەی تەلەفزیۆنیی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان، خاڵی تەماوی هاوپێوەند بەمانەوەو ئامادەبوونی ناوبراو لە عەرەبستانی چارەسەر نەکرد.
کەناڵی بی بی سی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: بەرپرسانی لوبنانی پەیوەندیی دیپلۆماتیکی خۆیان بۆ گەڕاندنەوەی سەعد حەریری بۆ ئەو وڵاتە پەرەپێداو هاوکاتیش سەفەر بۆ چەند پایتەختی ئوروپاییان خستووەتە نێو بەرنامەی کاری خۆیانەوە.
ئەو گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی لوبنانی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە کە سەعد حەریری لە عەرەبستان گیراوەو دیمانەی تەلەفزیۆنیی شەوی یەکشەممەی ناوبراو، هیچ گۆڕانێکی لەو ڕوانگەدا بەدی نەهێناوە.
لەو ڕاپۆرەدا هاتووە؛ هەشت رۆژ پاش لەکارکشانەوەی سەیرو سەمەرەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ناوبراو لەدیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە ئەویش پڕهەرا بوو، و لەڕیاز ئەنجامی گرت، ویستی واپێشان بدات کە ناوبراو لە عەرەبستان، ئازادە، بەڵام هەندێ وێنەو فیلم کە کامێرا تۆماری کردووە، تاڕادەیەک سەیر و جێی پرسیارن.
بی بی سی بە بڵاوکردنەوەی هەندێ وێنەو فیلم ڕاپۆری دا؛ لە بەشێک لە دیمانەکە، بوغزێک بەرواڵەتی حەریریەوە دیارە و تەنانەت واپێ دەچێ دەڵەی دەیەوێ بگری، لە گرتەیەکی دیکەدا، پیاوێک لەپشت کامێراوە دەبینرێ کە دەڵەی شتێک یادداشت دەکاو حەریری بەدرێژیی چاوی تێوەدەبڕێ.
لەدرێژەی ڕاپۆری بی بی سی، شارومەندێکی لوبنانی دەڵێت: "ژمارێک لە کەس وکاری سەعد حەریری دەڵێن، ئەوە هەمان سەعدێک نییە کە دەمانناسی. ناوبراو لەدیمانەدا بەچەند هۆیەک ئاسوودە نەدەهاتە بەرچاو و هێمن نەبوو". و شارومەندێکی دیکە هیوای خواست: "سەعد حەریری بەسەلامەت بگەڕێتەوە لوبنان".
سەعد حەریری چواری نۆڤمبەر لەبەیاننامەیەک لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستان لەپۆستی سەرۆک وەزیریی لوبنان کشایەوە.
بەبڕوای زۆرێ لە بەرپرسانی لوبنانی، لەکارکشانەوەی نائاسایی و لەناکاوی حەریری ئەویش لەڕیاز لەژێر گوشاری عەرەبستان و بەئامانجی زەبر وەشاندن لە حیزبوڵڵا لەناوخۆ و دەرەوەی لوبنان ئەنجامی گرتووە.