وتووێژی ئەردوغان و مەلیک سەلمان سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا
سەرۆک کۆماری تورکیا لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "سەلمان بن عەبدولعەزیز"ی پاشای عەرەبستان، سەبارەت بە پرس و بابەتی جۆربەجۆر بەتایبەت دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا وتووێژی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولی؛ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" شەوی یەکشەممە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "سەلمان بن عەبدولعەزیز" ، پاشای عەرەبستانی لە دوایین ڕووداو وگۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە قەیرانی سووریا لە چوارچێوی دانوستانەکانی "ئاستانە" و کۆبوونەوەی سێ لایەنەی لە شاری "سوچی"ی ڕووسیای ئاگادار کردەوە.
ژێدەرەکانی سەر بە سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا وتیان کە دوو لایەن هەروەها سەبارەت بە باروودۆخی ناوچەیی و پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بیر و ڕایان گۆڕیوەتەوە.
کۆبوونەوەی سێ لایەنەی سووچی چوارشەممەی ڕابردوو بە بەشداریی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە شاری سووچیی ڕووسیا بەڕێوە چوو و داوا لە نوێنەرانی دەوڵەتی سووریا و بەرهەڵستکارانی سووریا کرا بەشدارییەکی بەسوود و بنیاتنەریان لە دانوستانەکانی ئاشتیی سووریادا هەبێ.