ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری هەڵوەشانەوەی گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە عەرەبستان بوو
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە داوای لە دەوڵەتی یۆنان کرد کە گرێبەستی فرۆشتنی گوللە تانک بە عەرەبستان هەڵوەشێنێتەوە.
نووسینگەی "پانووس کامێنووس" Panos Kammenos وەزیری بەرەڤانیی یۆنان، بەڵگەیەکی بڵاو کردۆتەوە کە نیشان دەدات کامێنووس مانگی ژوەن ڕازی بووە بە فرۆشتنی ٣٠٠ هەزار گوللە تانک بە بایی ٦٦ ملوێن یۆرۆ بە کۆمپانیایەکی بەڵێندەری یۆنانی و ئەم کۆمپانیایەش بەرپرسی کڕینی ئەم کەرەستە جەنگیانە بۆعەرەبستانە.
دەوڵەتی یۆنان لەبەر مۆر کردنی گرێبەستی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی جەنگی بە عەرەبستانی سەعوودی بەرەوڕووی ڕەخنەی توندی سیاسەتوانانی ئەم وڵاتە بۆتەوە.
بە پێێ ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە یۆنان کرد گرێبەستی فرۆشتن و گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بۆ عەرەبستان خێرا هەڵوەشێنێتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم ڕێککەوتنە نیگەرانیی دەربڕی و وتی: ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئەو گوللە تۆپانە لە لایەن هاوپەیمانیی سەعوودییەوە دژ بە شاروومەندانی ئاسایی یەمەنی بەکار بهێندرێ.
هەروەها مەسەلەی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی جەنگی بە عەرەبستان شەوی سێشەممە لە پەرلەمانی یۆنان بە ئامادەبوونی سەرانی پارتەکان و "ئەلێکسیس سیپراس" سەرۆک وەزیرانی یۆنان کێشە و دەمەقڕەی لێ کەوتەوە.
ڕژێمی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا و لە سای بێدەنگە لێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن بە بیانووی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی ئەم وڵاتە بۆ سەر دەسەڵات، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە .
ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.