بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینیی بەحرەین لە مەڕ ئیدانەکردنی سەردانی شاندەکەی بەحرەین بۆ فەلەستینی داگیر کراو
زیاتر لە 130 کەس لە مامۆستایانی ئایینیی بەحرەین لە بەیاننەمەیەک دا سەردانی شاندەکەی ڕژێمی بەحرەین بۆ فەلەستینی داگیر کراوو هەرچەشنە سازانێک لەگەڵ دوژمنی زایونییان شەرمەزار کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی میهر مامۆستایانی ئایینیی بەحرەین لەم بەیاننامەیەدا هەرچەشنە کردەوەیەکیان لە ئاراستەی سازان لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەری زایونی دا ئیدانە کرد وبێزارییان لەم هەنگاوەی شاندەکەی بەحرەین ڕاگەیاند.
مامۆستایانی ئایینیی بەحرەین هەروەها ئەو سەردانەیان بەدژی بۆچوونی زانایانی ئایینیی تەواوی ئایینزا ئیسلامییەکان زانی و وتیشیان: هیچکام لە ئەندامانی ئەو شاندە نوێنەری مامۆستایانی ئایینیی بەحرەین نین.
کۆمەڵەی ئیسلامیی ویفاقی نیشتیمانیی بەحرەینیش ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند بوو: ئەو شاندەی وا لەم وڵاتەوە سەردانی فەلەستینی داگیر کراوی کردووە نوێنەری جەماوەری بەحرەین نین.
پاشای بەحرەین پێشتر خوازیاری هەڵگیرانی بایکۆتی وڵاتانی عەرەبی لە سەر ڕژێمی زایونی ببوو. ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی ڕژێمە کۆنەپەرستە عەرەبییەکان لەگەڵ ڕژێمی زایونی بە پێی بانگێشتنی بەحرەین کە بە مەبەستی سڕینەوەی کارنامەی ڕەش و چڵکنی زایونییەکان ئەنجام دەکرێت، لە هەل و مەرجێکدایە کە بەحرەین لە فڤریەی 2011 دا شایەتی ڕاپەڕینی جەماوەریی دژی ڕژێمی ئالی خەلیفەیە.
سەردانی شاندەکەی بەحرەین بۆ فەلەستینی داگیر کراو لە حاڵێکدا ئەنجامی گرتووە کە جیهان شایەتی ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە کردەوەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ڕاگەیاندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختەی زایونییە.