دەزگەی دادی عەرەبستان گیرانی شازادەکانی ئالی سەعوودی پشت ڕاست کردەوە
دادستێنی گشتیی عەرەبستان رایگەیاند کە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ١١ شازادەی سەعوودییان قۆڵبەست کردووە کە لە کۆشکی پاشایەتیدا لە ڕیاز مانیان گرتبوو.
بانگەشە کراوە کە مانگرتنی ئەو شازادانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری دەوڵەت لەمەڕ کۆتایی هێنان بە دانی پارەی ئاو وکارەبایان بووە.
عەرەبستانی سەعوودی کە گەورەترین بنێری نەوت لە جیهاندایە ، دەستی کردووە بە جێبەجێ کردنی هەندێ چاکسازی کە کەم کردنەوەی سوبسیدەکانی وزە، وەرگرتنی باجی زێدە لە سەر نرخەکان و بڕینی هەندێک موچە و مانگانەی ئەندامانی ماڵباتی پاشایەتی لەو چاکسازییانە دێنە ئەژمار.
گوتراوە ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە قەرەبوو کردنەوەی داهاتیی سەرچاوەگرتوو لە دابەزینی نرخی نەوتە کە کەم بوونی بودجەی ٥٢ ملیار دۆلاری عەرەبستان لە ساڵی ٢٠١٨ی بە دواوە بووە بەڵام کارناسان بڕوایان وایە کە شەڕنانەوەی پڕخەرجی ڕیاز لە یەمەن و کڕینی بە ملیاردان دۆلار چەک و کەرەستەی جەنگی لە ڕۆژاوا، هۆکاری سەرەکیی کەم بوونی بودجەیە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە ئەم شازادانە لە بەندیخانەی ئەلحایر لە باشووری ڕیازی پێتەختی عەرەبستان لەبەند کراون تا کاتی دادگەیی کرانیان بگاتە بەرەوە.
بەم حاڵەشەوە چالاکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی لە عەرەبستان بڕوایان وایە ئەو شەپۆلی نوێی گرتن و لەبەند کردنەی شازادە سەعوودییەکان کە لە چوارەمی ژانڤییەی ٢٠١٨ـەوە دەست پێ بووە، لەبەر ڕەخنە و گازندەیان لە هەندێ پرسی ناوخۆیی عەرەبستان بووە.