بەرپرسێکی ئەنساروڵڵا: ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەبێ سیاسەتی خۆی لە بارەی قەیرانی یەمەن بگۆڕێت
موحەممەد بەخیتی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: ھەتا کاتێک کە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھەڵس و کەوتی خۆی لە گەڵ قەیرانی یەمەن نەگۆڕێت، ھەوڵدان لە ئاراستەی چارەسەر کردنی قەیرانی ئەم وڵاتە بێ سوودە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا موحەممەد بەخیتی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی ئەنساروڵڵای یەمەن، وێڕای ئاماژە کردن بە گەشتی ئەمڕۆ شەممەی موعین شەریم جێگری ئیسماعیل وەلەد شێخ نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن بە مەیەستی خۆش کردنی بەستێنی دانوستانی ئاشتی لە نێوان لایەنە تێکھەڵچووەکان لەم وڵاتەدا وتی: ئەم ڕێکخراوەیە دەبێ لە لایەنە سیاسییە نێوخۆییەکان داوا بکات کە بۆ پێکھێنانی دەوڵەتێکی گواستنەوەی تازە کە جێگای پەسەندی تەواوی لایەنەکان بێت، ھەوڵ بدەن.
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی سیاسیی ئەنساروڵڵای یەمەن، توندوتیژ بوونەوەی دەست درێژکاریی عەرەبستان و بوردومانی شارەکانی یەمەنی بە نیشانەی دۆش دامانی ڕژێمی ئالی سەعود لە بەرامبەر سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە بەرەکانی شەڕدا زانی و لە سەر بەردەوام کرانی ھەڵمەتی یەمەنییەکان بۆ بەرەڤانی کردن لە وڵاتەکەیان پێی داگرت.
ئیسماعیل وەلەد شێخ نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن پێنج شەممەی ڕابردوو باسی پێبەند بوونی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەنی کرد بە دەست پێکرانەوەی دانوستانی ئاشتی لەم وڵاتەداو داوای لە لایەنەکانی یەمەن کرد کە بڕوا بە دیالۆگێک بکەن کە لە سەر بنەمای ئاشتی ، ھاوبەشی ، ڕێککەوتن و دابی دراوسێگەری بێت.
دانوستانی ئاشتیی تاقمە یەمەنییەکان ھەتاکو ئێستا گەلێک جار لە بەر کارشکێنیی عەرەبستان تووشی شکست ھاتووەو سەری نەگرتووە.
ڕژێمی سەعودی بە پشتیوانیی ئەمریکا وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.