عەرەبستان بنپێکەری یاسا و ڕێسای مرۆڤدۆستانە
چاوەدێری مافی مرۆڤ، عەرەبستانی بە بنپێ کردنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە یەمەن و زیاتر کردنی هەژماری گیراوان و ئیعدام کردنی چالاکانی ئاشتیخوازی لە ناوخۆی ئەم وڵاتە تۆمەتبار کرد.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز؛ ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە راپۆرتەکەی ساڵی ٢٠١٨ی خۆی پێی داگرت کە ٨٧ جار پەلاماری نایاسایی لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان لە یەمەن تۆمار کردووە کە بۆتە هۆی کوژرانی نزیکە بە یەک هەزار کەسی مەدەنی.
لە کاتێکدا کە زۆربەی وڵاتان تەنانەت ئەمریکا لە گەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، عەرەبستانیان تۆمەتبار کردووە بە بنپێ کردنی مافی مرۆڤ و کوشت و بڕی شاروومەندانی بێ تاوان لە یەمەن، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی ئەو ڕاپۆرتەی بە نادادوەرانە وەسف کرد.
چاوەدێری مافی مرۆڤ هەروەها ڕژێمی سەعوودی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە تۆمەتی بێ بنەما و ناڕوون بەندی درێژماوەی بۆ دەیان چالاکی سیاسی بڕیوەتەوە.