کانونی دوھەم 23, 2018 09:09 Asia/Tehran
  • پێداگریی بایکۆتکارانی قەتەر لە سەر پێویستی جێبەجێ کرانی شەرت و مەرجەکانیان بۆ باشتر بوونی پێوەنی لەگەڵ دۆحە

وەزیرانی دەرەوەی عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین و مەسر بە پێداگری لەسەر تۆمەتەکانی پێشوویان دژ بە قەتەر، دیسان ڕایانگەیاند کە بەو مەرجەی پێوەندییان لەگەڵ دۆحە باش دەکەنەوە کە قەتەر شەرت و مەرجەکانی ئەوان جێبەجێ بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ژێدەرە عەرەبییەکان؛ وڵاتانی بایکۆتکاری قەتەر شەوی سێشەممە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەراوێزی کۆبوونەوەی راوێژکارانەی گرووپی ناسراو بە هاوپەیمانیی عەرەبی دژ بە یەمەن لە ڕیاز رایانگەیاند: کردەوە دنەدەرانەکانی قەتەر ئاسایشی وڵاتانی بایکۆتکاری خستۆتە مەترسییەوە.

ئەم بەیاننامەیە هەروەها رادەگەیەنێ کە ئەو وڵاتانە بە داکۆکیی تۆکمە و تەواو لە یەکتری سەر لە نوێ جەخت دەکەنەوە لە سەر پێویستیی جێبەجی کرانی شەرت و مەرجەکانی خۆیان.

عەرەبستان ، ئیمارات، مسر و بەحرەین لە پێنجەمی ژوەنی ٢٠١٧ـەوە لەبەر هاوئاراستە نەبوونی دۆحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ڕیاز، قەتەریان تۆمەتبار کرد بە داکۆکی لە تیرۆریزم و پێوەندیی دیپلۆماتیکی خۆیان لەگەڵ دۆحە پچڕاند.

ئەم چوار وڵاتە بایکۆتی ئابووری و سیاسیان بە سەر قەتەر داسەپاندووە و هەرەوها ڕێگای ئاسمانی، دەریای و زەوینیی خۆیان لە سەر دۆحە داخستووە.

ئەم چوار وڵاتە هەروەها لیستێکی ١٣ بڕگەیی لە داخوازەکانی خۆیان ڕادەستی قەتەر کرد و رایانگەیاند؛ ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دۆحە بەسراوەتەوە بەوەی کە قەتەر هەموو ئەو شەرت و مەرجانە بەجێ بێنێ.

گرینگترینی ئەو مەرجانەی کە عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی بۆ قەتەریان دیاری کردووە پچڕانی پێوەندیی دیپلۆماسیی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران و حیزبوڵلا، داخستنی بە تەواوەتی کەناڵی ئەلجەزیرە و هەروەها هەڵگیرانی بنکەی سەربازیی تورکیا لە خاکی قەتەرە، بەڵام دەوڵەتی قەتەر ئەو شەرت و مەرجانەی ڕەت کردۆتەوە و لە هەمبەردا خوازیاری وتووێژ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە سەر بنەمای مافی دەسەڵاتدارێتی و پێویستی ڕێزدانران بۆ سەربەخۆیی نیشتمانیی خۆیەتی.

 

سەرپەیڤ