حوزه‌یران 07, 2018 20:16 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوی نەتەوەکان: لەعەرەبستان ئازادی ڕادەربڕین و میدیا بوونی نییە

پەیامنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: دەزگەی دادی عەرەبستان بەتەواوەتی لەکۆنترۆڵی پاشادایەو لەو وڵاتە، هیچ میدیایەکی ئازاد، پێکهاتەی مەدەنیی کارامەو ئازادیی ڕادەربڕین بوونی نییە.

رۆژنامەی گاردیەن نووسی: "بن ئێمێرسۆن" پەیامنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، لەگەڵ سیاسەتوانان، دادوەران، پۆلیس و دادئەستێنە عەرەبستانییەکان دیداری کردووەو لەڕاپۆرێکدا نووسیویەتی، لە عەرەبستان کەسانێک کە بەشێوەی ئاشتیانە لەمافی ئازادیی ڕادەربڕین کەڵک وەردەگرن، بەشێوەی سیستماتیک ئازار دەدرێن.

ئێمێرسۆن وتی: لەعەرەبستان ژمارێکی زۆر لە خەڵک، چەندین ساڵ لە زینداندا دەمێننەوەو ژمارێکیش ئێعدام دەکرێن و لەلایەکی دیکەوە، کەسانێک کە زیندانیان ئەشکەنجە دەدەن، پارێزراو دەبن.

ئێمێرسۆن هەروەها لە ڕاپۆرەکەیدا نووسی: لەدوو ساڵی ڕابردوو، بەشێوەیەکی کەم وێنە لەلایەن دەسەڵاتی کارگێڕیی ماڵباتی پاشایەتی تیشک خراوەتە سەر گشت بوارەکانی ژیانی خەڵکی عەرەبستان.

ئێمێرسۆن ئەو دۆخەی بۆ ڕێکخراوی نەتەوەکان بەجێی شەرمەزاری زانی ، کە ڕێگەی دا بە عەرەبستان هەتا ساڵی٢٠١٦ ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوەیە.

ئەو پەیامنێرەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان، خوازیاری لێکۆڵینەوەی خێرا بوو لەبارەی دۆخی ئەشکەنجەو ڕەفتاری نامرۆیانە لەگەڵ بەندکراوان و هەرەوەها کردەکانی دیکەی پێشێلکەری مافی مرۆڤ لەعەرەبستان لەچوارچێوەی یاساوڕێساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکاندا.

سەرپەیڤ