حوزه‌یران 10, 2018 13:28 Asia/Tehran
  • خانمە فریاگوزاری فەلەستینی، شەهیدی ڕێگای گەڕانەوەیە

خانمە فریاگوزاری فەلەستینی و شەهیدی ڕێگای گەڕانەوە، ئەم ڕۆژانە بووە بە هێمای خەباتی دژی زوڵم و ستەم و داگیرکاریی ڕژێمی زایونی. ناوی "ڕەزان ئەشرەف نەجار"ە، 21 ساڵان بوو و تازە تامی دایک بوونی چێشتبوو، بەڵام هەست بە بەرپرسایەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگا و خەڵکەکەی، ئەوی هاندا بە شێوەی خۆبەخشانە جلی خەباتی خۆی واتە باڵاپۆشی سپیی فریاگوزاری لەبەر بکات و چاوی داخات لەسەر جوانی و خۆشییەکانی دایک بوون و هەنگاو لە ڕێگایێکدا بنێ کە کەس ئاگای لە گەڕانەوەی نەبوو.

ئەم خانمە فریاگوزارە لە شاری "خەزاعە" لە باشووری غەززە و لە نزیکی سەرسنووری فەلەستینی داگیرکراو نیشتەجێ بوو. باوکی فرۆشگەیێکی پارچەی ماتۆڕی هەبوو کە لە هێرشی زایونیستەکان بۆ سەر کەرتی غەززە لە ساڵی 2014دا بە گشتی لە نێو چوو و خاپوور کرا. ئەو منداڵی گەورەی خێزانێکی 8 کەسی بوو. ڕەزان نەجاڕ بۆ ماوەی دوو ساڵان لە خولێکی فێرکاری پزیشکی لە خەستەخانەیێکی خان یۆنسدا بەشداری کرد. 79 ڕۆژ لە چالاکییەکەی وەکوو فریاگوزارێکی خۆبەخش و مرۆڤدۆست تێپەڕیبوو. ڕۆژی هەینی لە میانەی دەیەمین حەوتەی یارمەتی گەیاندن بەو هاووڵاتیانەی وا بەشداری خۆپیشاندانی گەڕانەوەیان کردبوو لە ڕۆژهەڵاتی خان یۆنس، لە باشووری کەرتی غەززە، بە هۆی دەسڕێژ و تەقەی زایونیستەکان شەهید کرا.

ڕەزان پێش ئەوە بۆ چەند جاری بە هۆی هەڵمژینی گازی فرمێسک هێن، بریندار ببوو، بەڵام هیچ کام لەو ڕووداوانە پێشی بە بڕیارە بەبڕشتانەکەی ڕەزان لەمەڕ خەباتی دژی داگیرکارانی زایونیست و پێداگری لەسەر مافی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ فەلەستین نەگرت.

ڕەزان لە کاتی فریاگوزاریدا شەهید کرا، لە دوا پۆستی فەیسبووکەکەیدا نووسیبووی: "پاشەکشە ناکەم، دەگەڕێمەوە، من بپێکە، نەترساوم، هەموو ڕۆژێک لە وڵاتەکەمدا دەبم، بە هێوری و لەگەڵ خێزانەکەم، هەموو پێکەوە ئەو ڕەوتە بەردەوام دەکەین."

ڕەزان هەروەها لە وتووێژی مانگی ڕابردووی لەگەڵ نیۆیۆرک تایمزدا پێداگری کردبوو کە: "ئێمە هەموو ئامانجێکمان هەیە، ڕزگار کردنی گیانی مرۆڤەکان و گەیاندنی ئەم پەیامە بە گوێێ خەڵکی جیهان کە بە بێ چەکوچۆڵیش، ئێمە هەموو کارێکمان پێ دەکرێ."

فیشەکی تاقەتیرهاویژێک کە سینگی ڕەزانی پێکابوو، بووە هۆی مردنی. دوایین هەوڵەکانی فریاگوزاران بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەو خانمە فریاگوزارە لە کورتە فیلمێکدا کە بە کامێرای مۆبایل هەڵگیراوە، لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بۆ هەزاران هەزار جار بینراوە و دەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بە بڵاو کردنەوەی وێنەکانی خەریکی پرسە و ماتەمینی ئەون.

بە پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، فریاگوزاران و تیمە پزیشکییەکان لە کاتی تێکهەڵچوونەکاندا، پارێزراون، بە پێی ئەو یاسایانە، پەلاماردانی خەستەخانەکان و پێکانی پزیشکان و پەرەستیاران قەدەغەیە، بەڵام زایونیستەکان بۆ جارێکی دیکە ئەو یاسایانەیان بنپێ کرد. تیرۆری فریاگوزارێک، بێگومان تاوان و کەتنە لە دژی مرۆڤایەتی و بنپێ کرانی ڕاشکاوانەی کۆنوانسیۆنەکانی ساڵی 1949 ژێنڤ و پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا باوەکانی نێودەولەتییە لە بواری پاڵپشتی لە کادێری دەرمانی لە کاتی شەڕ و تێکهەڵچووندا. ئاوڕنەدانەوە لەم یاسایانە، بووەتە هۆی پەرۆشی زیاترلە پەیوەندی لەگەڵ بنپێ کردنی بەردەوامی مافە نێودەوڵەتییە مرۆڤدۆستانەکان لەلایان ڕژێمی زایونییەوە.

هەر ئێستا، خانمە فریاگوزاری فەلەستینی بە شەهیدبوونی، ڕاپەڕینێکی دووبارەی لە نێوان خەباتگێڕاندا وەدیهێناوە وئافرەتانی لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتەکەیان سووڕتر کردووە.

 

سەرپەیڤ