حوزه‌یران 15, 2018 13:43 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی ئەورووپا بنپێ کرانی مافی مرۆڤی لە بەحرەین ئیدانە کرد

پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەن کرد کە بنپێ کرانی مافی مرۆڤ لە بەحرەین ئیدانە دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵی ئەلجەزیرە؛ پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەن کرد کە بە ئیدانە کردنی بنپێ کرانی مافی مرۆڤ لە بەحرەین، خوازیاری ئازاد کرانی خێرای هەموو زیندانیانی سیاسی لەوان "نەبیل ڕەجەب" چالاکی کۆمەڵایەتیی بەناوبانگی ئەم وڵاتە بوو.

لەم بڕیارنامەیەکدا هەروەها جەخت کراوە لە سەر پێویستیی کۆتایی هاتنی توند و تیژی، زاڵ کردنی کەشی پڕ ترس و تۆقان و پێ و شوێن گرتنی چالاکان و لاگرانی مافی مرۆڤ لە بەحرەیندا.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ لە ٦٣٤ ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا کە لەو دەنگدانەدا بەشدار بوون، ٤٧٩ کەس دەنگی ئەرێنی، ٩٧ کەس دەنگی نەرێنی و ٥٨ کەسیش دەنگی بێ لایەنیان داوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئالی خەلیفە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە دوابەدوای پەرە سەندنی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری، بەندی درێژماوە دەبڕێتەوە بۆ نەیارانی خۆی بە بیانووی بێ بنەمای وەک هەوڵ بۆ تیرۆر کردنی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە و پێکهێنانی گرووپی تیرۆریستیی  و هەندێ جاریش مافی شاروومەندێتیان لێ دەستێنێتەوە.

وێرای بنپێ کرانی زەق و ئاشکرای مافی مرۆڤ لە ڕژێمی ئالی خەلیفە، دەوڵەتی ئەمریکا ئەمدواییە دەنگی دا بە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی جەنگی بە بایەخی ٤٥ ملوێن دۆلار بە بەحرەین و مانگی ئاپریلی ئەمساڵیش کۆپتەری سەربازیی فرۆشت بەم وڵاتە.

سەرپەیڤ