پتر لە سەد ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ: «نەبیل ڕەجەب» دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێت
١٢٧ ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی ھاوبەش دا داوای ئازاد کرانی خێرای «نەبیل ڕەجەب» ھەڵسوڕاوی مافەوانی و سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی بەحرەینیان کرد لە بەندی ڕژێمی ئالی خەلیفە.
بە پێی ڕاپۆرتی،ئەم ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ داوایان لە کاربەدەستانی مەنامە کردووە کە تەواوی ھەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤی بەحرەین و ئەوانەی وا بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەو وڵاتەدا زیندانی کراون ئازاد کەن و ئاسایشتی جەستەیی و ڕۆحیشیان دەستەبەر بکرێت.
کاربەدەستانی ئاسایشتیی ڕژێمی ئالی خەلیفە ١٣ی ژوئەنی ٢٠١٦ «نەبیل ڕەجەب» مافناسی بەحرخینییان لە ماڵەکەی دا لە ناوچەی «بەنی جمرە» قۆڵبەست کرد.
تۆمەتی ناوبراو وتووێژی تەلەفزیۆنی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ڕاگەیەندراوەو کاربەدەستانی بەحرەینی دەڵێن،«نەبیل ڕەجەب» لەو وتووێژانەدا سیمای وڵاتەکەی خەوشاندووە.
بەحرەین لە چواردەی فڤریەی ساڵی دووهەزارو یازدەوە گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕینی ئاشتیانەی دژی ئالی خەلیفەیە. جەماوەری ئەم وڵاتە خوازیاری چاکسازیی سیاسی ،ئازادی، دامەزرانی دادگەری و نەمانی هەڵاواردن و هاتنە سەردەستەڵاتی دەوڵەتێکی هەڵبژاردەن لە وڵاتەکەیاندا، کەچی ڕژێمی ئالی خەلیفە بەردەوام بە سەرکوتکردن و داپڵۆساندن وەڵامی ناڕەزایەتییەکان دەداتەوە.
ڕژێمی بەحرەین لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا پتر لە یانزە هەزار شارومەندی ئەم وڵاتەی بە تۆمەت و بوختانگەلی بێ ناوەڕۆک ڕاپێچ کردووە. بەحرەین لەو وڵاتانەیە کە لەچاو حەشیمەتەکەی زیاترین ژمارەی زیندانی کراوی هەیە. بە قسەی ڕێکخراوە مافەوانییە خۆجێییەکانی ئەم وڵاتە، لانیکەم سێ هەزار شارومەندی بەحرەینی لە بەر هۆکاری سیاسی لە بەندیخانەدا بەسەر دەبەن.
ڕێکخراوەی چاودێری مافی مرۆڤیش لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە کە، دەوڵەتی بەحرەین ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڕاپەڕینەوە ھەتاکوو ئێستا مافی شارومەندایەتیی لە ٧٣٨ کەس سەندووەتەوە.