ناڕەزامەندیی جەماوەری بەحرەین ھەتا گەییشتن بە داخوازییە ڕەواکانیان بەردەوام دەبێت
سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی بەحرەین پێی داگرت: سەرباری سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئالی خەلیفە، خۆپیشاندانی ئاشتییانەی خەڵکی بەحرەین ھەتا گەییشتن بە داخوازییە ڕەواکانیان بەردەوام دەبێت.
باقر دەرویش سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی بەحرەین ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ھەواڵدەریی میھر ڕایگەیاند: شۆڕشی بەحرەین لە ھەل و مەرجێکدا چووەتە نێو ھەشتەمین ساڵی خۆیەوە کە سەندنەوەی مافی شارومەندایەتی، کۆچ پێکردنی زۆرەملی، دادگایی بەبێ پارێزەرو داپڵۆساندنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵک لەو ھەنگاوانەی ڕژێمی ئالی خەلیفەن کەلە ماوەی ئەم ساڵانەدا ھەروا بەردەوام بووە.
ناوبراو بەدەربڕینی ئەمەی کە ھێزەکانی ڕژێمی ئالی خەلیفە ناڕەزایان بە توندی ئەشکەنجە دەکەن، وتیشی: ئافرەتە لەبەندکراوە سیاسییەکان لە بەحرەینیش بە ناوی خەباتی دژی تیرۆریزمەوە ئەشکەنجە دەکرێن.
بەحرەین لە چواردەی فڤریەی ساڵی دووهەزارو یازدەوە گۆڕەپانی ناڕەزامەندی دەربڕینی ئاشتیانەی دژی ئالی خەلیفەیە. جەماوەری ئەم وڵاتە خوازیاری چاکسازیی سیاسی ،ئازادی، دامەزرانی دادگەری و نەمانی هەڵاواردن و هاتنە سەردەستەڵاتی دەوڵەتێکی هەڵبژاردەن لە وڵاتەکەیاندا، کەچی ڕژێمی ئالی خەلیفە بەردەوام بە سەرکوتکردن و داپڵۆساندن وەڵامی ناڕەزایەتییەکان دەداتەوە.
ڕژێمی بەحرەین لەماوەی ساڵانی ڕابردوو پتر لە یانزە هەزار شارومەندی ئەم وڵاتەی بە تۆمەت و بوختانگەلی بێ ناوەڕۆک ڕاپێچ کردووە. بەحرەین لەو وڵاتانەیە کە لەچاو حەشیمەتەکەی زیاترین ژمارەی زیندانی کراوی هەیە. بە قسەی ڕێکخراوە مافەوانییە خۆجێییەکانی ئەم وڵاتە، لانیکەم سێ هەزار شارومەندی بەحرەینی لە بەر هۆکاری سیاسی لە بەندیخانەدا بەسەر دەبەن.