ڕێکخراوی نەتەوەکان: هەر دوو کاژێر ژنێکی یەمەنی گیانی لەدەست دەدا
ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی هەینی لەڕاپۆرێکدا ڕایگەیاند، لە هەر دوو کاژێردا ژنێکی یەمەنی لەبەر نەبوونی ژێرخانە دەرمانییەکان وهەژاریی و نەبوونی خۆراک، گیانی لەدەست دەدا.
بەپێی راپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، ڕێکخراوی نەتەوەکان لەو ڕاپۆرەدا ئاماژەی کردووە بەداخرانی نەخۆشخانەکانی یەمەن و ڕایگەیاند؛ لەکۆی٢٦٨ نەخۆشخانە لە یەمەن کە داکۆکی سندوقی نێونەتەوەیی پارەیان لەپشتە، تائێستا ١٠٠ نەخۆشخانە داخراون و پێش بینی ئەوە دەکرێ کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستاو کەمکرانی بودجەکان، حەفتاو پێنج نەخۆشخانەی دیکەش هەتا کۆتایی مانگی سیپتەمبەر دابخرێن.
ڕێکخراوی نەتەوەکان هەروەها ڕایگەیاند: رەوتی داخرانی نەخۆشخانەکان لە یەمەن ڕاستەوخۆ کاری کردۆتەسەر ژیانی ٦٥٠هەزار ژنی یەمەنی کە پێویستیان بە ڕاژەکاریی پزشکی وتەندروستی هەیە.
جێگری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری مرۆدۆستانە لەم دواییەدا ڕایگەیاند؛ یەمەن بەرەوڕووی خرابترین کارەساتی مرۆیی مێژوویە.
"مارک لۆکۆک" وتی: پتر لە نیوەی خەڵکی یەمەن ئێستا پێویستیان بە یارمەتیی مرۆدۆستانە هەیە.
سندوقی نێونەتەوەیی ڕێکخراوی نەتەوەکان"یونیسێف"یش لەڕاپۆرێکدا وێڕای وشداریدان لەبارەی دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە یەمەن ڕایگەیاند؛ لە هەر دوو کاژێردا دایکێک و شەش کۆرپە لەو وڵاتە گیانیان لەدەست دەدەن.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک(WFP) سەربە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش لەم دواییەدا لە ڕاپۆرێکدا رەوشی مرۆیی لە یەمەنی زۆر بەجێی داخ ناوبردو وشداریی دا لەمەڕ نەبوونی خۆراکی پێویست بۆ ١٨ ملوێن کەس لەو وڵاتە شەڕلێدراوە.
رژیمی سەعوودیا بەپاڵپشتی ئەمریکاو ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لە مارسی٢٠١٥وە دەستی کرد بە دەسدرێژیی سەربازی بۆسەر یەمەن وگەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی ئەو وڵاتەی داوە.
شەڕخوازیی عەرەبستان لە یەمەن، کوژرانی زیاتر لە شازدە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.