عەرەبستان هەموو تاوانبارانی ڕووداوی کەوتنی شۆڤەڵ لە"مسجد الحرام"ی بێتاوان ڕاگەیاند
دادگەیەک لە عەرەبستانی سەعودی، کۆمپانیای بن لادەن لە تۆمەتی کەمتەرخەمیی لەحاند کەوتنی شۆڤڵ بەسەر زیارەتکارانی ماڵی خودا کە بەهۆیەوە بەسەدان کەس گیانیان لەدەستداو برینداربوون، بێتاوان ڕاگەیاند.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی فارس، دادگەی سزای مەککە، دەنگی دا بە کۆتایی هاتنی دۆسییەی ڕووداوی کەوتنی شۆڤڵ لە مسجد الحرام لە ساڵی٢٠١٥دا.
ئەو دادگەیە رایگەیاند، کەمتەرخەمیی تۆمەتباران لە دۆسییەی کەوتنی شۆڤڵ ڕوون نەبووەتەوە و داوای لە دادئەستێنی گشتی عەرەبستان کردووە چاوپۆشی بکا لە ئیلزام کردنی کۆمپانیای بن لادەن بە دانی زیانبایی بە بەرکەوتووان و خێزانی قوربانیان.
دادگەی سزای مەککە ساڵی٢٠١٧ لە بڕیارێکی بەرایی دەنگی دابوو بە بێتاوان ڕاگەیێندرانی ١٣ کارمەندی کۆمپانیای سەعودیی ناوبراو.
ئەو دادگەیە لە دەنگدانی خۆیدا ڕایگەیاند؛ رۆژی کەوتنی شۆڤڵ لە "مسجد الحرام" رۆژی پشوودان بووەو شۆڤڵەکە لەبارێکی سالم و هێمندا بووەو هیچ کەمتەرخەمییەک لەلایەن کۆمپانیای بن لادەن و فەرمانبەرانی بەرچاو نەکەوتووە.
لەڕووداوی کەوتنی شۆڤڵ لە رۆژی یازدەی سیپتەمبەری٢٠١٥، سەت و حەوت کەس لە زیارەتکارانی بەیتوڵڵاهولحەرام گیانیان لەدەست داو ٢٣٨ کەسیش بریندار بوون.