رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی لە سەر دەستدرێژیی زایۆنیەکان بۆسەر لێواری رۆژاوا کۆدەبێتەوە
سکرتاریەتی گشتیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی شەوی رابردوو رایگەیاند بۆ وڵامدانەوە بە گەف و هەڕەشەکانی رژێمی ئیسراییل لەمەڕ پەیوەستکردنی چەند بەشێکی لێواری رۆژاوا ، لە ئاستی ووەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوەی لوتکەیی دەبێت .
بە پێی راپۆرتی ئیرنا ، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی لە بەیاننامەیەکدا وتوویەتی ، ئەم دانیشتنە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس و لە رێگەی دوورەوە بەڕێوەدەچێ .
بەر لەوەش کۆمکاری عەرەبیی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە پەنجاوسێهەمین ساڵهاتی داگیرکرانی لێواری رۆژاوا ، قودسی رۆژهەڵات ، کەرتی غەززە و جەولانی سوریا ، گەڵاڵەی پەیوەست کردنی بەشێک لە لێواری رۆژاوای بە ناوچەداگیرکراوەکان لە لایەن رژێمی زایۆنیەوە بە تاوانی جەنگیی زانیبوو .
بنیامین نەتانیاهاوو سەرۆکەوزیرانی رژێمی زایۆنی لەمدواییانەدا رایگەیاند ، گەڵاڵەی پەیوەستکردنی چەند بەشێک لە لێواری رۆژاوای رووباری ئەردەن بە زەویە داگیرکراوەکانی ژێر رکێفی ئەم رژێمە ، لە چەند مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت .
ئەم بابەتە یەکێک لە بڕگەکانی مامەڵەی نەژادپەرستانەی سەودای سەدەیە کە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا 28 ی ژانیڤەریی 2020 پەردەی لەسەر لادا .