پەرلەمانی ڕژێمی زایونی : ڕاگەیاندنی ئاگربڕ لەگەڵ غەززە پەڵەیەکی پڕ لە شەرمە بە ڕوخساری ئیسرائیلەوە
ئەندامانی پەرلەمانی ڕژێمی زایونی «کنیسێت» دامەزراندنی ئاگربڕی بێ مەرج لەگەڵ غەززەیان بە پەڵەیەکی پڕ لە شەرم زانی بە ڕوخساری ئیسرائیلەوەو ئیدانەیان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی فەلەستین «مەعا»، «ئێبلیت شاکید» ئەندامی کنیسێتی ڕژێمی زایونی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە گەڵاڵەی ئاگربڕی کابینەی ئەم ڕژێمە وتی: ڕاگرتنی بێ شەرت و مەرجی شەڕ لەگەڵ غەززە، بۆ ئیسرائیل جێگای شەرمە.
«شاکید» لە دۆش دامانی «بنیامین ناتانیاھۆ» سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە لە مەڕ گەڕاندنەوەی دیلەکانی ئیسرائیلیش لە غەززە ڕەخنەی گرت.
«جەدعون ساعێر» سەربە پارتی «ھیوای تازە»ی ڕژێمی زایونیش ڕاگەیاندنی ئاگربڕ لەگەڵ تاقمەکانی خۆڕاگری لە غەززەی وەک ڕێککەوتنێکی سەرشۆڕانە بۆ ئەم ڕژێمە ناوبرد.
ھاوکات «ئیتمار بن غەفیر» ئەندامەکەی دیکەی پەرلەمانی ڕژێمی زایونی ئاگربڕی پڕلەشەرم و سەرشۆڕانەی ئیسرائیلی بە ملکەچبوونێکی پڕمەترسی لە ھەمبەر بزوتنەوەی حەماس زانی و وتی: ئەم ئاگربڕە دۆخێکی دژواری بۆ ئیسرائیل بەدی ھێناوە.