ئه‌یلوول 14, 2022 06:18 Asia/Tehran
  • حەماس داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ دەکات

بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) لە ساڵیادی واژۆ کرانی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆدا داوای لە پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین کردووە کە ئەم ڕێککەوتنە نەگریسە لەگەڵ زایۆنییەکان ھەڵوەشێنێتەوە.

ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لە ١٣ی سێپتەمبەری ١٩٩٣ لە نێوان ڕژێمی زایۆنی و ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین واژۆ کرا؛ بڕیار وا بوو بابەتگەلێکی وەک  ڕەوشتی بەیتولموقەددەس ، ئاوارەکانی فەلەستین، شارۆچکە زایۆنی نشینەکان، پرسی ئاسایشتی و خۆیان وتەنی دیاری کردنی سنوورەکان بەپێی ئەم ڕێککەوتنە چارەسەر بکرێن، بەڵام زیاتر لە ٢٠ ساڵ دانوستان هیچی بۆ گەلی فەلەستین بەدەست نەهێنا. بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی شەهاب نیوز، بزوتنەوەی حەماس ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە بەردەوامیی بەرخۆدانی هەمەلایەنە و بەرفراوان لە کەناری ڕۆژاوا دژی ڕژێمی زایۆنی و هەروەها خەباتی دیلەکانی فەلەستین لە بەندیخانەکانی ئەم ڕژێمە جەختی کردەوە کە ئەم ڕووداوانە ئەو ڕاستییە نیشان دەدەن کە بەرخۆدان لەگەڵ هەموو جۆرەکانی بووەتە هەڵبژاردەی سەرەکیی گەلی فەلەستین لە ئاراستەی ڕزگارکردنی ئەم سەرزەوینەو بەدیهێنانی مافی گەڕانەوە و مافی چارەی خۆنووسین.

بزوتنەوەی حەماس هەروەها داوای لە پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین کردووە کە لە ٢٩هەمین ساڵیادی واژۆکرانی ڕێککەوتنە نەگریسەکەی ئۆسلۆدا هاوکاریی ئەمنی و ئابووری لەگەڵ زایۆنییەکان ڕابگرێت و ڕێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە.

حەماس هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین ھەرچی خێراتر بە فەرمی نەناسینی ڕژێمی زایونی ڕابگەیەنێت.

سەرپەیڤ