بەرپرسێکی لوبنانی: لە کێڵگەی گازیی "قانا" مافی خۆمان بەدەستهێناوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاند کە لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە سنوورە دەریاییەکان، بەیروت بە مافی خۆی گەیشتووە.
لوبنان و ڕژێمی زایۆنی لەسەر ڕووبەری ٨٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەریای ناوەڕاست کە سەرچاوەی نەوت و گازی هەیە، ناکۆکییان هەیە، لەم دواییانەدا سەرچاوە لوبنانییەکان ڕایانگەیاند کە لوبنان و ڕژێمی زایۆنی لە ڕێککەوتن سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان نزیک بوونەوە .
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵی ئەلعالەم؛ ئیلیاس بوسەعب، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، سەبارەت بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان وتی: هەڵوێست و بۆچوونی بەهێز و یەکگرتووی لوبنان، ئەنجامێکی باشی لە دانوستانەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
بوسەعب گوتیشی: دوژمنی زایۆنی لە خاڵە بەهێزەکانی لوبنان ئاگادارە کە بریتییە لە هاوسەنگی؛ هاوسەنگییەک کە بە بوونی هاوکێشەی سوپا-نەتەوە-بەرخۆدان جێگیر بووە.