کانونی یه‌که‌م 12, 2022 15:38 Asia/Tehran
  • بارانێکی بەخوڕ لە مەککە ، ڕاگەیەندرانی باری نائاسایی

باران بارینی بەخوڕ لە مەککە بووەتە هۆی ڕاگەیەندرانی باری نائاسایی و داخستنی قوتابخانەکان و هەندێک سەرچاوەش هۆشدارییان داوە سەبارەت بە دۆخی نالەباری ئەم شارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی، ماڵپەڕی عەرەبی ٢١؛ دوابەدوای لافاو لە ڕێگاوبان و شەقامەکانی شاری مەککە، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی هۆشدارییان داوە لە قەیرانێکی هاوشێوەی لافاوێکی سەختی جەددە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو.

دوابەدوای ئەو بارانە بەخوڕانە، ئەمڕۆ ئیدارەی پەروەردەی مەککە داخستنی قوتابخانەکانی ڕاگەیاند. بارەگای ئیمامانی مزگەوتەکانی مەککەش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵک کردووە بۆ نوێژی بەیانی نەچنە مزگەوتەکان و بەهۆی بارودۆخی نائاساییەوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

سەنتەری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی مەککە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیای دا جەختی لەوە کردەوە کە، بۆ پاراستنی تەندروستیتان، داواتان لێدەکەین تا کۆتایی بارانبارینی ئەم دواییە لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆتان لە چوون بۆ ناوچە مەترسیدارەکان بپارێزن.

هەروەها ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی شاری مەککە هۆشداری داوە سەبارەت بە پچڕانی کارەبا لەو شارە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە.

ئەو وێنانەی لە ماوەی چەند کاژێری ڕابردوودا لە مەککەوە بڵاوکراونەتەوە وا دەردەخەن کە بارانبارینی بەخوڕی ئەم شارە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەرفراوان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی شارەکە لەوانە «تایف» و «ئەلباحە» و ناوچەکانی دیکەی باشووری مەککە. دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە ماوەی باران بارینی بەخوڕی ئەم دواییەی شاری جەددەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان ئۆتۆمبێلیش نوقم بوونەو زیانیان پێگەیشتووە.

سەرپەیڤ