کاردانەوەی «ناتانیاهۆ» بەرامبەر بە بڕیارنامەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ پشتیوانی لە فەلەستین
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی، بڕیارنامەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لەبارەی فەلەستین و داگیرکاریی ئەم ڕژیمەی بە بێ بایەخ زانی.
کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە، پلانێکی پەسەند کرد کە بە ھۆیەوە داوا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (دادگای لاهە) دەکات لەسەر شوێنھاتە یاساییەکانی پێشێلکردنی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی فەلەستین، داگیرکاریی درێژخایەن، شارۆچکەسازی و کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای قودسی داگیرکراو بڕیار بدات.
ئەم بڕیارنامەیە بە ٨٧ دەنگی بەڵێ و ٢٦ دەنگی نەخێر و ٥٣ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا. ئەمریکا، کەنەدا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، نەمسا، هەنگاریا، کۆماری چیک، گواتیمالا، ئیستۆنیا و ئەڵمانیا لە گرنگترین ئەو وڵاتانە بوون کە دژی پەسەندکرانی ئەم پلانە بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، «بنیامین ناتانیاهۆ» سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی، بڕیارنامەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فەلەستین و داگیرکاریی ئەم ڕژیمەی بە بێ بایەخ زانی و وتی: ئیسڕائیل هەرگیز پێملی ئەم دەنگوەرگرتنە پڕلە شوورەییە نابێت.
ناتانیاهۆ بانگەشەی کرد: نەتەوەی جولەکە لە نیشتیمانی خۆی و پایتەختە ھەتاھەتاییەکەی واتە قودسدا داگیرکەر نییەو هیچ بڕیارنامەیەکیش ناتوانێ چەواشەی ئەم ڕاستییە بکات.