دیلێکی فەلەستین دوای ٤٠ ساڵ لە یەخسیری ئازاد کرا
ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی، دوای ٤٠ ساڵ یەخسیری «ماهیر یونس» دیلی فەلەستینیی ئازاد کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین «ماهیر یونس» دیلی فەلەستینی دوای ئازادبوونی لە زیندانی «نەقەب»، گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی "عارە" لە سێگۆشەی باکووری کە دەکەوێتە ناوچە داگیرکراوەکانی ساڵی ١٩٤٨ەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایۆنی، پێش ئازادکردنی «ماھیر یونس» بنەماڵەکەی ئاگادار کردەوە کە مافی ئەوەیان نییە هیچ ئاهەنگێک یان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ببەن یان ئاڵای فەلەستین هەڵبکەن.
ڕۆژنامەی مەعاریۆی ئیسرائیلی لەمبارەیەوە نووسیویەتی: وەزیری ئاسایشی ناوخۆ «بن گوێر» فەرمانی بە هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل کردووە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئامادەبن و لە ناوچەی «وادی عارە» جێگیر ببن بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر هەوڵدانێکی فەلەستینییەکان لەمەڕ ئاهەنگگێڕان بۆ ئازادکرانی «ماهر یونس».
«بن گوێر» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم ڕووداوە تاقیکردنەوەیە بۆ سەروەریی ئێمە.
«کەریم یونس» دیلێکی ئازادکراوی فەلەستینیی دیکەیە کە سەرەڕای هەڕەشەکانی داگیرکەرانی ئیسرائیل، دراوسێکانی ماهێری ئاگادار کردووەتەوە کە بڕیارە ئاهەنگێکی گەورەی بۆ ساز بکەن.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ڕاگەیاندنی دامودەزگا چالاکەکان لە بواری دیلەکانیش، لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار و ٧٠٠ بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیمی زایۆنیدا هەن کە لە ٣٤ کەسیان ئافرەتن.