حەماس: تاوانکاریی بەندیخانەی داموون بێ وەڵام نامێنێتەوە
بزوتنەوەی خۆراگریی ئیسلامیی فەلەستین ناسراو بە حەماس جەختی کرد؛ پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر یەخسیرانی فەلەستینی و کوشتن و لێدانیان بەتایبەت لێدانی ئافرەتە دیلەکان لە بەندیخانەی "داموون" بێ وەڵام نامێنێتەوە.
بزوتنەوەی حەماس داوای لە هەموو گەلی فەلەستین و ڕێکخراوە جەماوەری و فەرمییەکان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان کردووە بە هەموو تواناوە لە تەنیشت ئەسیران و دژ بە ڕژێمی زایۆنی و جەنایەتەکانی ڕاوەستن. حەماس جەختیشی کرد؛ گەل و خۆڕاگریی فەلەستین تا کاتی ئازادکرانی یەخسیرەکانی پشتگیریان دەمێنێتەوە.
دوابەدوای پەلاماری خۆبەختکارانە لە قودس و شکست هێنانی سەرشۆڕانەی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی لەم هەڵمەتەدا، تووند و تیژیی زایۆنییەکان بۆ سەر یەخسیرانی فەلەستینی گەلێک زیاتر بووە.
هەروەها گروپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستینیش دوابەدوای وەبەر تووند و تیژی و لێدان کەوتنی ئەسیرانی فەلەستینی لە بەندیخانەکانی ڕژێمی زایۆنیدا، لە ڕێگای نێوەندگرانەوە وشداریان دا بەم ڕژێمە کە هەرچەشنە ئازاردانی یەخسیرانی فەلەستینی دواهاتی نالەباری بۆ تەلەبیب لە فەلەستینی داگیرکراودا دەبێ.
لیژنەی تایبەت بە کاروباری یەخسیران و ئەو کەسانەی پێشتر لە بەندیخانەکانی ڕژێمی زایۆنیدا لەبەند کرابوون وشداری دابوو لەحاند ڕەوشی دژوار و نالەباری ژنانی ئەسیری فەلەستینی ؛ ژنانی بەدیل گیراوی فەلەستینی لە ڕەوشێکی گەلێک دژوار و دڵتەزێندا لە بەندیخانەی داموون ڕادەگیردرێن و لەو کاتەوە دەگیردرێن بێ وچان وەبەر لێدان و ئازار و جنێو و سووکێتی دەکەون.
«ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش شەوی رابردوو لە توییتێکدا کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بووەوە، نووسی: کوشتن و لێدانی یەخسیرانی ژنی فەلەستینی لە بەندیخانەی داموونی ڕژێمی زایۆنی تەواو نامرۆڤانە و بێزلێکراوە.
ناوبراو وتیشی: ئایا لە ڕوانگەی بانگەشەکەرانی ئەورووپایی و ئەمریکی مافی مرۆڤ و مافی ژنان کە یەکسەر درووشمەکەی لەسەر زاریانە، ئەو ئافرەتە فەلەستینیانەش دەگرێتەوە کە لەبەندیخانە تۆقێنەرەکانی داگیرکەرانی ئیسراییلی بە دیل گیراون؟
هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی دوێنێ سێشەممە پەلاماری ژنانی فەلەستینیی بەندکراولە زیندانی داموونیان داو وێڕای کوشت و بڕو جەزرەبەدانیان دەستیان گرت بە سەر هەموو کەل و پەلەکانیان دا.