ئادار 19, 2023 16:35 Asia/Tehran
  • بەم نزیکانە باڵوێزخانەکانی ئێران و بەحرەین دەکرێنەوە

ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی ئێران لە بەحرەین ڕایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و بەحرەین، باڵوێزخانەکانی دوو وڵات بەم زووانە دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، «ئیلهام ئازاد»، ئەندامی شاندی پەرلەمانی ئێران لە بەحرەین ڕایگەیاندووە کە لە میانەی ئەو دیدارەی کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی بەحرەین ئەنجاممان دا، ناوبراو ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حکومەتی بەحرەین و بەتایبەت وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، بە دواداچوون بۆ پرسی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەکات.

«ئازاد» بە گێڕانەوە لە سەرۆکی پەرلەمانی بەحرەین ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی ئەم بەدواداچوونانەدا، باڵوێزخانەکانی ئێران و بەحرەین بڕیارە بەم زووانە دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ یەکتر لە پرسە ناوچەییەکان بەهێزتر کاربکەن و دەستەبەری پەیوەندی باش و ڕوودانی شتی باشتر لە ناوچەکەدا بکەن.

ئەندامی شاندەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ بەحرەین بە ئاماژەدان بە داواکاریی بەحرەینییەکان بۆ بووژاندنەوەی هێڵی ئاسمانی بۆ ئێران، ئاماژەی بەوەدا کە، لە دیدار لەگەڵ بەحرەینییەکان، داواکاری و گفتوگۆی زۆر ھاتە ئاراوە، لەوانە دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی لە نێوان شارەکانی تاران و مەشهەد لەگەڵ مەنامە، بۆ ئەوەی زیارەتکارانی ئەم وڵاتە بتوانن سەردانی مەزارگەی ئیمامی ڕەزا (ع) لە مەشھەدی پیرۆز بکەن.

پێشتر «مەحمود عەباسزادە مشکینی» وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو کە هەریەک لە وڵاتانی کەنداوی فارس بە پێی توانا و ڕوانگەی خۆیان لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە و تاران بەدوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدایە.

سەرپەیڤ