ئادار 22, 2023 22:17 Asia/Tehran
  •  بەم زووانە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و بەحرەین دەست پێ دەکات

ئەندامێکی پەرلەمانی بەحرەین باسی نزیک بوونەوەی کاتی چالاکییەکانی هێڵی ئاسمانیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەحرەینی کردووە.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندرانی دانوستانەکانی تاران و مەنامە بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکان، نوێنەری پەرلەمانی بەحرەین وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو دانوستانانە، خواستی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی باڵوێزخانەو دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی لە مەنامەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی ئێران ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی «ئەلخەلیجولجەدید» ڕۆژی چوارشەممە،«عەبدولنەبی سەلمان» جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی بەحرەین ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و مەنامە لەدوای ئەوە دێت کە وەفدێک لە ئێرانەوە گەییشتە بەحرەین و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە کۆبوونەوە.

«عەبدولنەبی» ڕوونی کردەوە کە لە دیدار لەگەڵ شاندەکەی ئێران، لایەنی بەحرەینی جەختی لە گرنگیی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و هێڵە سوورە دیارەکانی پەیوەست بە سەرکردایەتی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی گەلی بەحرەین کردەوە کە لەو ئەوبەرایەتییانەی بەحرەین دێتە ئەژمارو لە ھیچ بارودۆخێکدا قەت  دانوستانیان لەسەر ناکرێت.

جێگری یەکەمی سەرۆکی مەجلیسی بەحرەین باسی لەوەش کرد کە دانوستانی ڕاشکاوانە و شەفاف لەگەڵ ئەندامانی شاندی پەرلەمانی ئێران لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە بەحرەین بەڕێوەچوو.

پەیوەندییەکانی بەحرەین لەگەڵ ئێران دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی عەرەبستان لەگەڵ تاران پچڕاو حەوتەی ڕابردوو کاتێک تاران و ڕیاز گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، لە ئێستادا باسی بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مەنامە و تارانیش دەبیسترێت.

سەرپەیڤ