ئادار 27, 2023 12:07 Asia/Tehran
  • شەرمەزارکرانی بڕیارەکەی ڕژێمی زایۆنی بۆ شارۆچکەسازی لەلایەن ئیماراتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری ڕژێمی زایۆنی بۆ دەست پێ کردنەوەی شارۆچکەسازی لە ناوچەکانی باکووری کەرتی ڕۆژئاوای بە توندی ئیدانە کرد.

کابینەی ڕژێمی زایۆنی لەم دواییانەدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی مۆڵەت بۆ دروستکردنی ١٠٢٩ یەکەی زایۆنی نشین لە کەناری ڕۆژئاواو قودسی داگیرکراو.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڕیاری ڕژێمی زایۆنی بۆ چێکردنی یەکەی  نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی باکووری کەرتی ڕۆژئاوا و پێدانی مۆڵەت بۆ بنیاتنانی دەیان شوێنی نیشتەجێبوونی نوێی زایۆنیستیی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین شەرمەزار کرد .

لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر دژایەتیکردنی هەموو کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کراوە کە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی گرژی و ناسەقامگیری دەبات.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هەروەها جەختی لە سەر پێویستیی پشتیوانی لە هەموو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە و ڕاگرتنی کردەوە نایاساییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردووە کە هەڕەشەیە بۆ سەر چارەسەریی دوو دەوڵەتیی کێشەی فەلەستین.

ڕژێمی زایۆنی بە وێرانکردنی ماڵ و حاڵی فەلەستینییەکان و ڕەوتی شارۆچکەسازی، هەوڵ دەدات پێکهاتەی جوگرافیای ناوچە فەلەستینییەکان بگۆڕێت و ڕووخسارێکی زایۆنی بەو ناوچانە بدات بە مەبەستی چەسپاندنی هەژموونیی خۆی لە ناوچە فەلەستینییەکان.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٣٣٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چالاکییەکانی شارۆچکەسازیی ڕژێمی زایۆنی نایاساییە.

سەرپەیڤ