تشرینی دووه‌م 12, 2023 14:00 Asia/Tehran

لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕیاز، جەخت لەسەر پێویستیی ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانیی سەر غەززە و ڕەوانەکرانی کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان کرایەوە.

کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆمکاری عەرەبی و کۆنفرانسی ئیسلامی بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە دوێنێ (شەممە) بە ئامادەبوونی سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕیاز بەڕێوەچوو.

لە بەیاننامەی کۆتایی ئەم دیدارەدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشی ڕژێمی داگیرکەر بۆ سەر کەرتی غەززەو ئەو تاوانە جەنگی و قەڵاچۆ قیزەونانەی کە ئەنجام دراون، جەخت لەسەر پێویستیی هەڵگیرانی گەمارۆی سەر غەززەو گەییشتنی دەستبەجێی کاروانی یارمەتییە مرۆڤییەکان ،داگری خۆراک و  دەرمان  و سووتەمەنی بۆ غەززەش کرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین بڕیارێکی خێرا بدات بۆ شەرمەزارکردنی ئەو وێرانکارییە دڕندانەیەی ئیسرائیل لە دژی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە و ھەروەھا ڕاگرتنی ڕەوتی ناردرانی چەک و تەقەمەنی بۆ کاربەدەستانی داگیرکەر.

هەروەها لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، ئاوارەبوون و جێگۆڕکێ پێکردنی نزیکەی یەک ملیۆن و نیو فەلەستینی لە باکووری کەرتی غەززەوە بەرەو باشوور، کە بەپێی ڕێککەوتننامەی چوارەمی ژێتێڤ لە ساڵی ١٩٤٩و هاوپێچەکەی لە ساڵی ١٩٧٧دا بە تاوانی جەنگی دادەنرێت ،ئیدانەکراوەو هەر هەوڵدانێکیش بۆ گواستنەوەی زۆرەملێی تاکەکەسی و یان بەکۆمەڵ، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، یان دوورخستنەوەی زۆرەملێ و کۆچ پێکردنی گەلی فەلەستین، جا چ لەناو کەرتی غەززە یان کەناری ڕۆژئاوای چۆمی ئوردۆن، لەوانە بەیتولموقەددەس ، یان لە دەرەوەی ئەم قەڵەمڕەوە بۆ هەر شوێنێکی تر بێت، ھێڵی سوورەو وەک تاوانی جەنگی دێتە ئەژمار.

سەرپەیڤ