ئادار 18, 2024 16:00 Asia/Tehran

سوپای ڕژێمی زایۆنی بە داننان بەوەیدا کە هەزاران کەس لە هێزەکانی ئەم ڕژێمە لە دەسپێکی شەڕی غەززەوە بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتی دەروونی ڕوویان کردۆتە تراپیست و سایکۆلۆژیست، ڕایگەیاند سوپای ئەم وڵاتە ئەمڕۆکە بەرەوڕووی گەورەترین کێشەی دەروونی لە ساڵی هەزارو نۆسەد و حەفتا و سێ بەم لاوە بۆتەوە.

دوابەدوای زۆر بوونی لەڕادەبەدەری ژماری کەسانی تووشبوو بە گرێی دەروونی لە دەسپێکی شەڕی غەززە بەملاوە، سوپای ڕژێمی زایۆنی دانی ناوە بەوەیدا کە  سوپا ئەمڕۆکە بەرەوڕووی گەورەترین کێشە و تێکچوونی دەروونی لە ساڵی ١٩٧٣ بەم لاوە بۆتەوە.

«لوسیان لیۆر» سەرۆکی بەشی تەندرووستیی دەروونی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە وتووێژێژکدا رایگەیاند کە نزیکەی هەزار و حەوتسەد سەربازی ئیسراییلی چارەسەرییان بۆ کراوە و دیسان گەڕاونەتەوە بۆ نێو هێزەکانی سوپا. هەروەها نزیکەی هەزار سەرباز و ئەفسەریش لەبەر نیشانەگەلێکی شۆک و پەشۆکان پێویستیان بە چارەسەرییەکی چڕ و پڕتر بووە و سەدی حەفتا و پێنجیان گەڕاونەتەوە بۆ نێو سوپا.

ئەم بەرپرسەی سوپای زایۆنی وتیشی: چاوەڕێی ئەوە دەکرێ پاش شەڕی غەززە هەژمارێکی زیاتریش لە هێزەکانی سوپا چارەسەری دەروونیان بۆ بکرێ لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تایبەت بە ئەم چەشنە تێکچوون و ئازارە دەروونیانە.

ژێدەرە میدیاییەکانی ڕژێمی زایۆنیش رایانگەیاندووە لە دەسپێکی شەڕی غەززەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر هەتا ئێستا نزیکەی سێ هەزار سەرباز و ئەفسەری سوپای ئیسراییل بۆ چارەسەری  و دەرمان ڕوویان کردۆتە ناوەندەکانی تایبەت بە نەخۆشیی دەروونی.

سەرپەیڤ