خالید مەشعەل: بە شەهیدکرانی سەرۆکەکانمان هێزمەندتر دەبین
سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە دەرەوەی فەلەستین پێداگری کرد کە ئەو بزوتنەوە هیچکات ڕژیمی زایۆنیست بە فەرمی ناناسێ و شەهیدکرانی سەرۆکانی حەماسیش هەرتەنیا دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی گەلی فەلەستین.
خالید مەشعەل لە ڕێوڕەسمی بەرێکرانی تەرمی شەهید ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی خوالێخۆشبووی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دۆحەی قەتەر وتی: حەماس بەهیچ شێوەیەک واز لە بنەماکانی خۆی ناهێنێ و ڕژیمی زایۆنیستی بە فەرمی ناناسێ.
ناوبراو وتی گەلی فەلەستین هەروا پارێزەری بەتەواوی خاکی فەلەستین دەمێنێتەوەو درێژە دەداتە ڕێبازی جیهادو خۆڕاگری و وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆی.
مەشعەل وێڕای ئاماژە بەو ڕژیمە پێداگریشی کرد کە دوژمنەکانمان پەند وەرناگرن کە هەرکات سەرۆکێک شەهید دەکرێ، سەرۆکێکی دیکە جێی دەگرێتەوەو بە شەهیدبوونی سەرۆکەکانمان گەلی فەلەستین هێزمەندتر دەبێ.
ناوبراو بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە شەهیدکرانی برامان شەهید هەنیە زۆر گران بوو بەڵام دوژمنەکان تێ ناگەن کە خوێنی شەهیدان ڕێبازی ئازادی و سەرکەوتن نزیکتر دەکەنەوەو ئـێمەش هەروا بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازەکەمان و هەڕەشەو تۆقاندن بەهیچ شێوەیەک لامان نادا لە بنەماکانمان و هەربۆیە داوا لە سەرۆکانی ئومەتی ئیسلامی دەکەین بگەڕێنەوە سەر ڕێبازی خۆیان و شەهید هەنیەش خزمەتێکی زۆری کرد بە پرس و گەلی فەلەستین و قودسی پیرۆز.