کانونی یه‌که‌م 05, 2024 19:26 Asia/Tehran
  • کەڵکوەرگرتنی ئیسراییل لە چەکی نوێی ئەمریکایی

سکرتێری گشتی بزووتنەوەی ئەنساروڵای یەمەن وتی کە ڕژێمی زایۆنی ئەمدواییە لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چەکی مۆدێرن و پێشکەوتووی ئەمریکایی بەکارهێناوە کە دەبێتە هۆی ڕزین و شیبوونەوەی تەرمی شەهیدان.

سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین ئەلحوسی وتی: ڕژێمی داگیرکەر و ئەمریکا خەڵکی کەرتی غەزەیان کردووە بە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکە مەرگهێنەکانی خۆیان. ناوبراو وتیشی: ڕژێمی داگیرکەر هاوکات لەگەڵ ئاگادارینامەکەی ئانڕوا سەبارەت بە ڕاگیردرانی ئەو یارمەتییە خۆراکییە زۆر کەمەی کە پێشتر دەگەیشتە کەرتی غەزە، ئێستایش هەر پێش دەگرێ بە گەیشتنی خۆراک و دەرمان بەم کەرتە، کە ئەوەش گیان و ژیانی ئاوارەکان تەواو دەخاتە مەترسییەوە. تەنانەت ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانیش پاش کوژرانی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی خۆی لە کەرتی غەززە باسی ڕاگرتنی فەرمانبەرێتییەکانی لەم کەرتەی کردووە.

ئەلحوسی لە درێژەدا وتیشی: هێزی داگیرکەر و شارۆچکەنیشینانی زایۆنی هەموو چەشنە پەلامارێک دەکەنە سەر خەڵکی کەرتی ڕۆژاوا و بەردەوامن لە بنپێکردنی پیرۆزایەتییەکان و سووکایەتی بە مزگەوتی ئەقسا. سکرتێری گشتیی ئەنساروڵا جەختیشی کرد لەسەر بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکانی یەمەن لە خەڵکی فەلەستین بەرامبەر بەو دەستدرێژییە دڕندانانەی دەکرێتە سەر ئەو خەڵکە مەزڵوومە.

سەرپەیڤ