شەهید و بریندارێک لە پەلاماری ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر باشووری لوبنان
ئەمڕۆ لە پەلاماری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕژێمی زایونیستی بۆ سەر شارۆچکەیەک لە باشووری لوبنان کەسێک شەهید و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بەهۆی پەلاماری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕژێمی زایونیستی بۆ سەر شارۆچکەی حاروف لە باشووری ئەو وڵاتە، لوبنانییەک شەهید و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. تۆڕی هەواڵی ئەلمەیادین لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لە پەلاماری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری زایونیستی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی حاروف لە شاری نەباتیە کەسێک شەهید بووە. ڕۆژی هەینی، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پەلامارێکی هاوشێوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی زوتەری ڕۆژئاوا، کەسێک شەهید و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. پێشتریش دوو هاووڵاتیی لوبنانی لە هێرشێکی دیکەی فڕۆکەوانیدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی"توول" سەر بە شاری نەباتیە شەهید کراون .