ئامادەیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ بەرەڤانیی لەو وڵاتە
شێخ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە پشتگریی لە موقاوەمە لە کەرتی غەززە، هەنگاوێک و بڕیارێکی شیاو و گونجاو بوو، وتی: بێتوو شەڕێکمان بەسەردا سەپێندرێ، ئامادەی بەرەڤانی کردنین.
شێخ نەعیم قاسم لە یەکەم ساڵوەگەڕی بەدەستەوەگرتنی پۆستی ئەمیندارەتی گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: قەبووڵکراو نەبوو کە دوژمنی جێگیر لەسەر سنوورەکانمان، خۆڕاگریی غەززە لەناوببا و پاشان پەلکێشی ناوچەکانی دیک بێ، بۆیە هاوبەشیمان لەو شەڕەدا لەباری ئەخلاقی، سیاسی، بڕوایی و ئیمانەوە شیاو و گونجاو بوو و بێتوو وەها شتێک دووبارە بێتەوە، ئەو هەنگاونانەمان بەپێی هەمان بنەماو پرەنسیپەکان دووپات دەکەینەوە. ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: ئێمە وەک خۆڕاگریی ئامادەی بەرەڤانیکردنین نەک بۆ دەسپێکرانی شەڕ بەڵام بێتوو شەڕێکمان بەسەردا سەپێندرێ، بەرەوڕووی دوژمنی زایۆنی دەبینەوە. هەروەها پێی داگرت: ئێمە بڕیارمان داوە هەتا دواهەناسە بەرەڤانی بکەین و خۆڕاگربین، و ئەگەر دوژمن دەخوازێ، خۆی هەوڵدان بۆ چەکداماڵینی موقاوەمە، تاقی بکاتەوە.
"محەممەد رەعد" سەرۆکی فراکسیۆنی وەفاداریی بە خۆڕاگریی لە پەرلەمانی لوبنان لە لێدوانێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی درێژەی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر خاکی لوبنان، پێی داگرت، کلیلی ئاسایش و سەقامی لوبنان، قەبووڵکردنی شەرت و مەرجگەلی دوژمن نیە بەڵکوو ناچارکردنی بە جێبەجێکردنی وادەو بەڵێنیەکانی و ڕاگرتنی دەسدرێژکارییەکانیەتی. وتیشی: کەسانێک کە هەوڵ دەدەن خۆڕاگریی بە پاساهەڵنەگر پێشان بدەن و بە هۆکار و هۆی دەسدرێژکارییەکانی دوژمن بیناسێنن، لەهەڵەدان چونکە هۆی دەسدرێژکارییەکانی دوژمن، تەماحکاریی بۆ بەچۆکداهێنانی لوبنانە. "ئیبراهیم موسەوی" ئەندامی فراکسیۆنی وەفاداریی بە خۆڕاگری لە پەرلەمانی لوبنانیش وێڕای ئیدانەکردنی درێژەی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر خاکی لوبنان پێی داگرت؛ حکومەتی لوبنان دەبێ کۆتایی بێنێ بە تاوانکارییگەلی بێ بڕانەوەی رژێمی زایۆنی لە وڵاتدا. لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوو، هێزەکانی رژێمی زایۆنی پتر لە ١٠٠ جار ئاگربڕیان لە لوبنان و ڕێککەوتننامەی ئاگربەس لەگەڵ موقاوەمەو حکومەتی لوبنانیان پێشێل کردووەو بە پەلاماردانی دوو ئۆتۆمبیل لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، دوو کەسیان شەهید کردووە.