تشرینی دووه‌م 23, 2025 18:06 Asia/Tehran
  • توونتربوونی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە لوبنان و غەززە

 فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی جارێکی دیکە سنووری ئاسمانی لوبنان و غەززەیان بەزاند و چەندین هێرشیان بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکان ئەنجامدا.

فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی جارێکی دیکە بە بەزاندنی سنووری ئاسمانی لوبنان، چەندین هێرشیان بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە ئەنجامدا. ئەم هێرشانە کە لە سایەی بێدەنگی جێگومانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕوویاندا، بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە خەڵکی مەدەنی لوبنانی و زیانێکی دارایی بەرفراوانیش لە ژێرخانی گرنگەکانی ئەم وڵاتە کەوت. ڕژێمی زایۆنی پەلاماری شارۆچکەیەکی باشووری لوبنانیشیدا. لەم هێرشە درۆنییەدا کەسێک شەهید بوو. ئەم درۆنەی ڕژێمی زایۆنی ئۆتۆمبێلێکی لە شارۆچکەی "عەیتا شەعب" لە باشووری لوبنانیش پێکا. هەروەها باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە زاحییەی باشووری بەیروت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای زایۆنیییەوە پەلاماری کرایەسەر. لە نیوەی شەوی ڕابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ناوچە جۆربەجۆرەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززەش لەلایەن سوپای ڕژێمی زایۆنییەوە پەلامار دراون. ئەم هێرشانە بووە هۆی وێرانبوونی چەندین باڵاخانەی مەدەنی لە شاری ڕەفەح و خان ​​یونس و هەروەها ژمارەیەک فەلەستینی شەهیدبوون. سەرچاوەکانی هەواڵ لە نەخۆشخانەی ئەلعەودە لە غەززە ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥ شەهید بۆ ئەم نەخۆشخانەیە گواستراونەتەوە کە دوانیان منداڵن و یەکێکیان ژنە. وەزارەتی تەندروستیی غەززەیش ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئاگربەستەوە لانیکەم ٣١٨ فەلەستینی شەهیدبوونە و ٧٨٨ کەسی دیکەش بریندار. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئاوارە فەلەستینییەکانیش دەستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان ناگات و بەشێکی زۆریان بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکی، دەرمان و خۆراکەوە لەبەر نەخۆشی و یان برسێتی گیانیان لەدەست دەدەن. هاوکات ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنووریش ڕایگەیاندووە کە هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی سنووردار دەچنە ناو غەززە و هەر ئەم یارمەتییە کەمەیش خەریکە بە تەواوەتی دەوەستێندرێ.

سەرپەیڤ