بەیاننامەی حیزبوڵڵا دژی جم و جۆڵی وەزارەتی دەرەوەو خەزێنەی ئەمریکا
حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ئیدیعای واشنگتۆنی ڕەت کردەوەو ڕایگەیاند: تێکڕای ئەو ئابلۆقانەو پۆلێنکردنی نادادگەرانە، لە پێبەندبوون بە بژاردەی خۆڕاگری، مافی لوبنان و گەلی ئەو وڵاتە بۆ بەرەڤانی لە خاک و نیشتمان، سەروەریی و سەرچاوەکان، نامانکشێنێتەوە.
لەبەیاننامەی حیزبوڵڵای لوبناندا هاتووە: ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەمریکا لە راستیدا، ئاڵقەیەکی دیکەی زنجیرەی سیاسەتی بەردەوامی حکومەتەکانی ئەمریکایە بۆ بەئامانج گرتنی موقاوەمە، کۆمەڵگاکەی، پێگە داکۆکیکارەکەی و هاوپەیمانەکانی، گەمارۆ و گوشارسەپاندنی سیاسی، دراڤی و سەربازیی بەسەر ئەواندا. ئامانج، پاراستنی ئاسایشی دوژمنی زایۆنی، چەسپاندنی داگیرکەرییەکەی لە باشوری لوبنان و ڕێگاکردنەوە بۆ رژیمی زایۆنیستی بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەکان و تەماحکاریی پاوانخوازانەی لە ناوچەیە.
حیزبوڵڵا هەروەها ڕایگەیاند: ئەمریکا لەبری ئەوەی دوژمنی زایۆنیستی ناچار بە کشانەوە لە باشووری لوبنان و ڕاگرتنی پەلامارەکانی، تەقاندنەوەی ماڵ و خانووبەرەکان، وێرانکردنی کێڵگەو مەزراکان و کوشت و بڕی هاووڵاتیانی لوبنانی بکا، دەس دەکا بەگەمارۆی خەڵکی لوبنان و هەوڵ دەدا هەتا لوبنان لەهەموو سەرچاوەکانی هێز ودەسەڵاتی خۆی بێ بەش بکا. بەم کارە، لەهەوڵی دروست کردنی ناسەقامیی ناوخۆیی لە لوبنان و بەلاڕێدابردنی ڕێگای بەرەوڕووبوونەوەی دوژمنی زایۆنیستی بەرەو لایەکی دیکەیە.