سوپای یەمەن هێرشی کردە سەر مۆڵگەی ئەفسەرانی سەعوودی
سەرچاوەیەکی سەربازی بە میدیاکانی یەمەنی وتووە کە شوێنی کۆبوونەوەی ئەفسەرانی سعوودی لە جەبەل حەدید لە پارێزگای عەدەن کەوتۆتە بەر هێرش.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرە، سەرچاوەیەکی سەربازی وتوویەتی کە بە یارمەتی خوای گەورە مۆڵگەی ئەفسەرانی سەعوودی لە بنکەی سەربازی جەبەل حەدیدی پارێزگای عەدەن مووشەکباران کراوە. سەرتیپ یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەنیش، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەم وڵاتە بە موشەکی بالیستی، بنکەی فەرماندەریی هێزی سەعوودی و هەروەها ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەوانیان لە ناوچەی بەریقە داوەتە بەر هێرش. وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە درێژەدا ڕاشیگەیاند کە ژووری ئۆپەراسیۆنی تیابراو، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتی و چاودێری بە سەر هاتووچۆ و جووڵەی سەربازیی هێزی سەعوودی لە بەرەکانی پارێزگاکانی لەحج، زالیع، تەعێز و ناوچەکانی دیکەی لە ئەستۆدا بووە.