بارەبووی 3 میلیون و 800 ھەزار یۆرۆیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ھەرێمی کوردستان
یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی یارمەتی دانی گەشەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان 3 میلیون و 800 ھەزار یۆرۆ لە ڕێگای سندوقی بارەبووی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە بە ھەرێمی کوردستان دەبەخشێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ماڵپەڕی ڕادیۆ کوردی زمانی نەوا وای بڵاو کردووەتەوە کە لە دانیشتنێکدا لە شاری ھەولێر، ڕەوشتی ئابووریی دوای شەڕی داعش بە خەستی تاوتوێ کراوەو ڕاگەیەندراوە کە یەکێتیی ئەورووپا لە چوارچێوەی بەرنامەکانی بووژاندنەوەو گەشەی ئابووریی ناوچە شەڕتێکەوتووەکان 3 میلیون و 800 ھەزار یۆرۆ بۆ یارمەتی دانی گەشەی ئابووریی ھەرێم تەرخان دەدات.
لەم پەیوەندییەدا ئاری ڕەسوڵ بەڕێوەبەری کاروباری میدیایی ڕێکخراوەی ڕوانگە کە بەرپرسی بەرپاکردنی کۆبوونەوەکەو وەرگرتنی بارەبووەکەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ گەشەی ئابووریی ھەرێمی کوردستانیشە، بە ڕادیۆ نەوای وتووە: ئەم یارمەتی و بارەبووە لە ڕێگای سندوقی بارەبووی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە بە ھەرێمی کوردستان دەبەخشرێت و تایبەتی دامەزراندنی کۆمپانیاگەلی زووبەرھەم و یارمەتی دانی چالاکیی ئەم جۆرە کۆمپانیاو کارگەگەلەیە.
ناوبراو وتووشیەتی: لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا، ئەو کۆمپانیاگەلە لە ھەرێمی کوردستان ھەتا ھەشت مانگ دوای دامەزران و دەست بەکار بوونیان لە سەرەتییەکانی ئەم گەڵاڵەیە بۆ دابین کردنی خەرج و بەرج پێداویستییەکانیان بەھرە وەردەگرن.
ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە مەبەست لەم یارمەتیدانە بنیاتنانەوەو ئاوەدان کردنەوەیە، وتیشی: بارەبووەکەی یەکێتیی ئەورووپا وڵاتانی عێراق، سووریاو ئەردەن دەگرێتەوەو پشکی ھەرێمیش لەو بڕە پارەیە 3 میلیون و 800 ھەزار یۆرۆیە.
پێشتر فەرەنساش باسی تایبەت دانی دە ملوێن دۆلار بارەبوو بۆ ھەرێمی کوردستانی کرد بوو بە مەبەستی ڕاگەییشتن بە ڕەوشتی ئاوارەکانی کوردی سووریا.