مەسعوود بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا رەوشی عێراق و پەنابەرانیان تاوتوێ کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i370930-مەسعوود_بارزانی_و_باڵیۆزی_نوێی_ئەڵمانیا_رەوشی_عێراق_و_پەنابەرانیان_تاوتوێ_کرد
لە دیدارەکەدا کە خاتوو باڕباڕا ڤۆلف کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و جێگرەکەی سڤێن کڕاوسپێ ئامادەی بوون، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، پێزانینی هەبوو بۆ سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی کوردستان و راشیگەیاند وڵاتەکەی سوپاسگوزارە بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پەنادان و حەواندنەوەی ئاوارەکان کە ئەرکێکی قورسە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 29, 2019 04:35 Asia/Tehran
  • مەسعوود بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا رەوشی عێراق و پەنابەرانیان  تاوتوێ کرد

لە دیدارەکەدا کە خاتوو باڕباڕا ڤۆلف کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و جێگرەکەی سڤێن کڕاوسپێ ئامادەی بوون، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، پێزانینی هەبوو بۆ سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی کوردستان و راشیگەیاند وڵاتەکەی سوپاسگوزارە بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پەنادان و حەواندنەوەی ئاوارەکان کە ئەرکێکی قورسە.

 

ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها کار و چالاکییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری.

لەبەرانبەردا  مەسعوود  بارزانی  سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا و پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەکان ئەوەی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان دەرگەی کراوەیە بۆ ئاوارەکان و پێویستی بە یارمەتی و پشتیوانیی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە لە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارەکان.

هەر لەو کۆبوونەوەیە کاریگەریی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی سووریا لەسەر سەقامگیریی هەرێم و ناوچەکە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاییندەی عێراق و ناوچەکە بە تایبەت لەدوای کوشتنی بەغدادی تاوتوێ کرا.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و گرژی و خۆپێشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕەوشی کەرکووک تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.